وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ خه‌زعه‌لی: واز لە هەڕەشە بێنن و فەرموون خۆتان تاقی بكەنەوە

" بە سەدان هاووڵاتیی عێراقییتان لەسەر ئینتمای مەزهەب و ناسنامە سەر بڕیوە و دەبێ لەسەر ئەم تاوانانە دادگایی بكرێن"

K24 - هه‌ولێر:

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، وه‌ڵامی "هه‌ڕه‌شه‌كانی" قه‌یس خزعه‌لی، سه‌رۆكی گرووپی چه‌كدارانی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "فه‌رموون خۆتان تاقی بكه‌نه‌وه‌".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه‌، هاتووه‌: "بەم گرووپە و سەرۆكەكەی ڕادەگەیێنین كەهەڕەشەكانتان بەرانبەر كوردستان شتێكی تازە نییە و هەروەها كردەوەكانیشتان لەدژی خەڵكی عێراق بۆ هەموو لایەك مەعلوومە. بە سەدان هاووڵاتیی عێراقییتان لەسەر ئینتمای مەزهەب و ناسنامە سەر بڕیوە و دەبێ لەسەر ئەم تاوانانە دادگایی بكرێن".

پێشتر سه‌رۆكی ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارییه‌ شیعییه‌، له‌ كه‌ناڵێكی عه‌ره‌بیدا، رایگه‌یاندبوو، گه‌وره‌ترین كێشه‌ی عێراق له‌ دوای داعش كورده‌ و پێشمه‌رگه‌شی له‌ داگیركردنی ناوچه‌ تازه‌ ئازاكراوه‌كان تۆمه‌تبار كردبوو.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌:

لێدوانێك لە گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەڕەشەكانی خەزعەلی و گرووپە چەكدارەكەی

سەبارەت بە لێدوانەكانی نابەجێكانی قەیس خەزعەلی سەرۆكی گرووپی چەكداری عەسایب ئەهلی هەق لە كاناڵی ئەڵڕەشید لەبارەی قۆناغی دوای داعش و سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان و هەروەها ڕاگەیێندراوی مەكتەبی سیاسیی ئەم گرووپە و جەختكردنەوەیان لە قسەكانی خەزعەلی كە پڕە لە نەفەسی دوژمنكارانە، بەم گرووپە و سەرۆكەكەی ڕادەگەیێنین كەهەڕەشەكانتان بەرانبەر كوردستان شتێكی تازە نییە و هەروەها كردەوەكانیشتان لەدژی خەڵكی عێراق بۆ هەموو لایەك مەعلوومە. بە سەدان هاووڵاتیی عێراقییتان لەسەر ئینتمای مەزهەب و ناسنامە سەر بڕیوە و دەبێ لەسەر ئەم تاوانانە دادگایی بكرێن.

گەلی كوردستان ئەنفال و كیمیابارانی سەدام و نانبڕینی مالیكی و هاوشێوەكانی بینیوە. ئێوەیش ئەگەر حەزتان لێیە ئەنفالێكی تر بەسەر گەلی كوردا بسەپێنن واز لە هەڕەشە بێنن و فەرموون خۆتان تاقی بكەنەوە با ئەنفالەكەی ئێوەیش ببینین.

هیواخوازیشین ئەو لێدوان و هەڵوێستە نابەجێ و دوژمنكارانەیە تەنیا ڕوانگەی خەزعەلی و گرووپەكەی بێت و هەڵوێستی حەشدی شەعبی نەبێت.

وته بیژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

15-12-2016