چێنەر نزار پەیکەری قازی محەمەد لە کەرکووک دروست دەکات
چێنەر نزار، هونەرمەندی پەیکەرسازی کورد، دەستیکردووە بە ئامادەکاری بۆ دروستکردنی پەیکەرێکی نوێی پێشەوا قازی محەمەد بۆ قوتابخانەیەک لە شاری کەرکووک، بە ئامانجی زیندوو راگرتنی یاد و مێژووی ئەو کەسایەتییە نەتەوەییە لە رێگەی هونەری پەیکەرسازییەوە.
پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، چێنەر نزار، هونەرمەندیی پەیکەرسازی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "دوای بینینی وێنەی پەیکەری پێشەوا قازی محەمەد لە ئامادەیی قازی محەمەدی کوڕان لە کەرکووک، کە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە یان دروستکردنەوەی پەیکەرێکی نوێ هەبووە، بڕیارم داوە بێبەرامبەر هەنگاوێکی کرداری بۆ ئەم مەبەستە بنێم."
چێنەر نزار سەبارەت بە دروستکردنی پەیکەرەکە گوتی، "من پەیوەندیم بە کارگێڕیی قوتابخانەکە و مامۆستا مەریوان عەبدولسەلام، بەڕێوەبەری ئامادەییەکە کردووە و لە ئەنجامی گفتوگۆ و رێککەوتنی نێوانماندا، بڕیارمان داوە لەبری نۆژەنکردنەوەی پەیکەرە کۆنەکە، پەیکەرێکی تەواو نوێ بە کوالێتییەکی بەرز دروست بکرێت."
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی پڕۆژەکە، چێنەر نزار دەڵێت، "ئەم پڕۆژەیە لە قۆناخی سەرەتایی دایە و کاری ئامادەکاری بۆ دروستکردنی پەیکەرەکە دەستی پێکردووە. لەم قۆناخەدا، بناخەی پەیکەرەکە ئامادە دەکرێت و وردەکارییە پەیوەندیدارەکان بە پێشەوا قازی محەمەد کۆدەکرێنەوە، بۆ ئەوەی بەرهەمەکە تا ئەوپەڕی توانای هونەری، نزیک لە شێوەی راستەقینە و مێژوویی ئەو کەسایەتییە بێت."
ئەو پەیکەرسازە باسی لەوەش کرد، "من بە شانازییەوە ئامادەم هونەرەکەم بۆ خزمەتکردنی مێژوو و کەسایەتییە گرنگەکانی کوردستان بەکاربهێنم؛ ئەو کەسایەتییانەی رۆڵیان لە رووداوە مێژووییەکان و لە پێکهاتەی یادەوەریی نەتەوەیی کورددا هەبووە."
چێنەر نزار، هونەرمەندیی پەیکەرسازی کورد، لە ساڵی 1986 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی پەیکەرسازی تەواو کردووە. بەشداری 60 پێشانگەی هاوبەش لە ناو کوردستان و 4 پێشانگەی هاوبەش لە دەرەوەی کوردستان کردووە.