به‌رنامه‌ی رۆژی دووه‌می کۆنفراسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان

ئاینده‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی كوردی و سه‌ربه‌خۆیی تاوتوێ ده‌كرێن

K24 – هه‌ولێر

له‌ رۆژی دووه‌می كۆنفرانسی "سه‌ربه‌خۆیی، رووبه‌ربوونه‌وه و ده‌رفه‌ت" له‌ زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان ـ دهۆك به‌ سپۆنسه‌ری میدیایی كوردستان24  دوو پانێلی دیكه‌ له‌باره‌ی ئاینده‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی كوردی و سه‌ربه‌خۆیی پێشكه‌ش ده‌كرێن.

له‌ رۆژی یه‌كه‌می كۆنفرانسه‌كه‌ سێ پانێل له‌باره‌ی یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی، مافی چاره‌ی خۆنووسین بۆ گه‌لی كورد، رەھەنده‌كانی ئاشتی و ئاسایشی هه‌رێم پاش سه‌ربه‌خۆیی، هاوبه‌شی ستراتیژی نێوان رۆژئاوا و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شكران.

وه‌زیرانی پێشووی فه‌ره‌نسا و عێراق و بەرھەم ساڵح و زالمای خه‌لیلزاد راوبۆچوونی خۆیان له‌باره‌ی یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ مافی چاره‌ی خۆنوسینیان خسته‌ڕوو و تیشكیان خسته‌ سه‌ر ئه‌و ره‌وشه‌ی كه‌ كورد له‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌یه‌ و چۆن ده‌توانێت مافه‌كانی به‌ده‌ست بهێنێت.

له‌ پانێكی دیكه‌دا، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روانینی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی، ئه‌نجامدانی چاكسازی و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ و ناوچه‌ كوردستانییه‌ رزگاركراوه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا خسته‌ڕوو.

ئیسماعیل بێكشچی نوووسەر و لێكۆڵەری تورك و دۆستی گەلی كورد هه‌ر له‌ رۆژی یه‌كه‌می كۆنفرانس رایگەیاند، نەدانی مافی سەربەخۆیی بە كوردەكان كارێكی ئەستەمە ناكرێ كوردەكان لە سەربەخۆیی بێبەش بكرێن.

بڕیاره ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ له‌ دوو پانێلی رۆژی دووه‌م و كۆتایی كۆنفرانسی سه‌ربه‌خۆیی باس له‌ ئاینده‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی كوردی و سه‌ربه‌خۆیی بكرێن.

به‌رنامه‌ی رۆژی دووه‌م و كۆتایی كۆنفرانسی سه‌ربه‌خۆیی

پانێلی چواره‌م،

ئایندەی رۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ به‌شداری هه‌ر یه‌ك له‌ پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین دامەزرێنەر و سەرۆکی MERI، پرۆفیسۆر کارۆل ئۆلیری له‌ زانکۆی کاتۆلیک له‌ ئەمریکا، جۆن ھەنا له‌ دەزگای بەرگری له‌ دەمۆکراسی، د. دێیڤید پۆڵۆک له‌ پەیامانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژھەڵات نزیک.

پانێلی پێنجه‌م،

كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی کوردی و سه‌ربه‌خۆیی به‌ به‌شداری هه‌ر یه‌ك له‌ د. بێرنارد کوشنەر وەزیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری یەكێتی نیشتیمانی کوردستان، فوئاد حسێن- کامه‌ران یوکسەک ھاوسەرۆکی BDP، مستەفا ھیجری و ئیبراھیم برۆ.

له‌ كۆتایی كۆنفرانسه‌كه‌ په‌یڤێك له‌ لایه‌ن مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی بۆردی زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان ـ دهۆك پێشكه‌ش ده‌كرێت.

چه‌ندین ئه‌كادیمی، سیاسه‌مه‌تدار، پسپۆر، كه‌سایه‌تی و رۆژنامه‌نووس له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، عێراق و جیهان له‌وانه‌ وه‌زیرانی پێشووی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا و عێراق و بالیۆزی پێشووی ئه‌مریكا له‌ عیراق، نێچیرڤان بارزانی، به‌رهه‌م ساڵح و ئیسماعیل بێشكچی به‌شداری كۆنفرانسی "سه‌ربه‌خۆیی، رووبه‌ربوونه‌وه و ده‌رفه‌ت" له‌ زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان ـ دهۆك بوونه‌ كه‌ به‌ سپۆنسه‌ری میدیایی كوردستان24 به‌ڕیوه‌ ده‌چێت.