دلاوه‌ر عه‌لادئه‌دین: هه‌رێمی كوردستان تاكه كاندیده بۆ ده‌ستكاری كردنی سنووره‌كان
سیاسه‌تی تره‌مپ به‌رامبه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست روون نییه
K24 – هه‌ولێر
پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین دامەزرێنەر و سەرۆکی MERI له رۆژی دووه‌می كۆنفرانسی سه‌ربه‌خۆیی، رووبه‌ڕووبوونه‌وه و ده‌رفه‌ت، له زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان ـ دهۆك تیشكی خسته سه‌ر پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له میانه‌ی ئه‌م گۆڕانكارییانه‌دا.
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین له پانێلی تایبه‌ت به ئایندەی رۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاست ئاماژه به‌وه دا ئۆباما له‌ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا نه‌یویست ئه‌زموونی جۆرج بوش دوباره بكاته‌وه هێزه‌كانی ئه‌مریكا كشانده‌وه و ده‌ستی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ڵگرت و گرنگی به ئابووری ئه‌مریكای دا.
گوتیشی ئه‌م ده‌ست هه‌ڵگرتنه‌ی ئۆباما له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر گران ته‌واو بوو.
سیاسەتی ترەمپ
له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌كانی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه دا كه سیاسه‌ته‌كانی روون نییه، له لایه‌كه‌وه به‌رگری له كه‌سانی به‌هێز ده‌كات، كه ئه‌وانیش كه‌سانی وه‌ك پوتین و ئه‌ردۆغانن و له لایه‌كی دیكه‌وه باس له شه‌ڕی سارد ده‌كات، به‌ڵام گۆڕانكاری زۆر له سه‌رده‌می تره‌مپ روو ده‌دات، هه‌رچه‌نده تا ئێستا به شێوه‌یه‌كی گشتی قسه‌ی كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك كۆمارییه‌كان له ناوچه كار بكات، زۆر شت روو ده‌ده‌ن.
رۆڵی روسیا
له‌باره‌ی رۆڵی روسیا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گوتی روسیا پێشتر به‌هۆی كێشه ناوخۆییه‌كانییه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كشایه‌وه و دوای ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕا بۆ گه‌ڕانه‌وه، تا ئه‌وه‌ی كه له رێگه‌ی سوریاوه گه‌ڕایه‌وه، به‌ڵام روسیا به قه‌ت ئه‌وانه‌ی دیكه ناتوانێ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دابڕێژێته‌وه.
رۆلی ئێران، توركیا و سعودییە
له‌باره‌ی رۆڵی ئێران و توركیا و سعودییه، سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی میری ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئێران له‌ماوه‌ی 10 ساڵ ئاینده زۆر به‌هێز ده‌بێت و ناتوانین رۆڵی له‌به‌ر چاو نه‌گرین. توركیاش له‌ماوه‌ی 10 ساڵدا بووه هێزی گه‌وره‌ی ناوچه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر نه‌كات ناتوانێ وه‌ك ئێران كاریگه‌ری هه‌بێت. سعودییه له رێگه‌ی سامان و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوچه هه‌بێت.
رۆڵی ھێزە چەكدارەكان
هه‌روه‌ها تیشكی خسته سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی گرووپه چه‌كداره‌كان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست كه رۆڵێكی به‌رچاویان هه‌یه، هه‌ندێكیان وه‌ك حزبوڵڵا و حه‌شدی شه‌عبی هه‌رچه‌ند ره‌واتییه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه، به‌ڵام ره‌واتی ده‌ستوورییان نییه. ئه‌وانه‌ی دیكه‌شی وه‌ك ئه‌ژده‌ها سه‌ریان هه‌ڵدا و كاریگه‌رییان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه بۆ گرووپه چه‌كداره‌كانی دیكه‌ی ناوچه كرد كه هه‌ندێكیان به گرووپی تیرۆریستی ناسراون، وه‌ك داعش و ھاوشیوەكانی.
سەربەخۆیی كوردستان
هه‌ر له‌باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان گوتی هه‌رێمی كوردستان به درێژایی 50 ساڵی ئاینده تاكه كاندیدی ده‌ستكاری كردنی سنوور ده‌بێت له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. به‌ڵام پێویسته له‌ناو ماڵی خۆی سیسته‌می حوكمڕانی به‌هێزتر بكات و روانگه‌یه‌كی هاوبه‌شی ناوخۆیی بۆ ئه‌م پرسه هه‌بێت.
چه‌ندین ئه‌كادیمی، سیاسه‌مه‌تدار، پسپۆر، كه‌سایه‌تی و رۆژنامه‌نووس له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، عێراق و جیهان له‌وانه وه‌زیرانی پێشووی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا و عێراق و بالیۆزی پێشووی ئه‌مریكا له عیراق، نێچیرڤان بارزانی، به‌رهه‌م ساڵح و ئیسماعیل بێشكچی به‌شداری كۆنفرانسی "سه‌ربه‌خۆیی، رووبه‌ربوونه‌وه و ده‌رفه‌ت" له زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان ـ دهۆك بوونه كه به سپۆنسه‌ری میدیایی كوردستان24 بۆ ماوەی دوو رۆژ به‌ڕیوه ده‌چێت.