چاوشئۆغلو: نابێت ئەو جۆرە ھێرشانە ببنە ھۆی تێکچوونی پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و مۆسكۆ
توركیا و رووسیا لەبارەی كوژرانی باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە كۆدەبنەوە
K24 - ھەولێر
لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا مەولود چاویشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەو ھێرشەی دوێنێ شەو لە ئەنقەرە روویدا، ئامانجی ئەوە بوو زیان بە پەیوەندییەکانی تورکیا و رووسیا بگەیەنێت و جەختیکردەوە نابێت ئەو جۆرە ھێرشانە ببنە ھۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانیان.
وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند تورکیا ھەموو رێوشوێنێکی گرتووەتەبەر بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی لەپشت ئەو ھێرشە بوونە.
گوتیشی، ئەمڕۆ لێکۆڵەرانی رووسیا بۆ لێکۆڵینەوەی وردتر لەو رووداوە دەگەنە ئەنقەرە.
كۆبوونەوەی چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا وسێرگی لاڤرۆڤ رووسیا لە مۆسكۆ
شەوی رابردوو ئاندری کارلۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە لە کاتی بەشداریکردنی لە پیشانگەیەکی ھونەرییدا، تەقەی لێکرا و دوای بە سەختی برینداربوونی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، بڕیارە ئەمڕۆ بە فڕۆكەیەكی تایبەت تەرمەكەی رەوانەی رووسیا بكرێتەوە.