فەرماندەی باڵای هێزەکانی هاوپەیمانان دانی پێدادهنێت
پێشبینی سهركردایهتی سیاسی كورد بۆ شهڕی مووسڵ راست دهردهچێت
K24 - ههولێر:
لەسەرەتای دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ، سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریدا بەوەی کە شەڕی موسڵ شەڕێکی ئاسان نابێت و درێژخایەنیش دەبێت، دوای تێپەڕبوونی ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر شەڕی موسڵدا، فەرماندەی باڵای هێزەکانی هاوپەیمانان لەوەڵامی پرسیاری کوردستان24 ئاشکرایدەکات کە پێشڕەویی هێزە عێراقییەکان خاوبووەتەوە.
کاتێک ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دەستیپێکرد، ئەمریکا گەشبین بوو بەوەی ئۆپەراسیۆنەكه بەسەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت، بەڵام سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، پێیانوابوو ئەو شەڕە زەحمەت دەبێت.
لەبەرامبەردا، برێت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، لەسەرەتایی شەڕی موسڵ رایگەیاند واشنتن ئامادەیە بۆ ھەر قەیرانێکی مرۆیی کە لەدەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە دروست دەبێت.