كچێكی كۆری و كوڕێكی كورد ھاوسەرگیری دەكەن

بڕیاریانداوە لە كوردستان درێژە بە ژیان بدەن

K24 - ھەولێر

كچێكی كۆریای باشوور لە شاری جۆلەمێرگی باكووری كوردستان ئاھەنگی ھاوسەرگیری لەگەڵ گەنجێكی شارەكە سازدەكات، ئاھەنگەكەش لە نێو بەفری سەخت و جوانی شارەكە ئەنجامدرا، ئەو بووك و زاوایە بڕیاریشیانداوە ھەر لەو شارە درێژە بە ژیان بدەن.

لە رۆژی ئاھەنگێڕانی ئەو بووك و زاوایە بەفر لە جۆلەمێرگ دەباری  و كەشوھەوا ساردبوو، پێش چوونیان بۆ ھۆڵی ئاھەنگێڕان زاوا بە پیادەڕۆ بووكی بەناو زۆربەی شەقام و كۆڵانەكانی شاركەدا گێڕا.

لەبارەی مێژووی یەكترناسینیان زاوا بەناوی ئەمرە قایە دەڵێت: "چوار ساڵ پێش ئێستا لە ئیستانبوڵ یەكترمان ناسی، چونكە خۆم خەڵكی جۆلەمێرگم پێم خۆشبوو ئاھەنگی ھاوسەرگیریمان لە شارەكە و لەناو كەسوكارم بێت، ھاوسەرەكەم خەڵكی كۆریای باشوورە و یەكەمجارە  كچێكی كۆری ببێتە بووكی دەڤەرەكەمان".

بووك بەناوی ئەنژۆھام دەرچووی كۆلیژی پزیشكییە لەگەڵ ھاوسەرەكەی ھەوڵدەدەن لە جۆلەمێرگ كاریان دەست بكەوێت بۆ ئەوەی لە باكووری كوردستان درێژە بە ژیان بدەن.