قه‌ره‌یلان: هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان به هێرشه‌كه‌ی ئیستانبوڵ نییه
ئه‌و هێزه‌ی كه به "هێزی قووڵ" ده‌زانێت تۆمه‌تبار ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
ئه‌ندامی كومیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌كه‌كه موراد قه‌ره‌یلان رایگه‌یاند هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به هێرشه‌كه‌ی سه‌ری ساڵی نوێ له ئیستانبوڵ نییه و شه‌رمه‌زاریشی كرد.
قهرەیلان به "ده‌نگی رادیۆی كوردستان" رایگه‌یاند: "هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ئێمه و هێزه‌كانی كورد به هێرشه‌كه‌ی ئیستانبوڵ نییه، پێشم وایه "تاك"یش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و هێرشهوە نییە.
له هێرشه‌كه‌ی ئیستانبوڵ بۆ سه‌ر ئاهه‌نگێكی سه‌ری ساڵی نوێ له نادیه‌كی شه‌وانه 39 كه‌س كوژران و 65 دیكه‌شی بریندار بوون كه 16 له كوژراوه‌كانی هاووڵاتیانی بیانین و یهكێكێشیان هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستانە و دوو هاووڵاتی دیكه‌ی هه‌رێمیش بریندار بوونه.
قەریلان له قسه‌كانیدا، بێ ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ ناوی كه‌س و لایه‌نێك بهێنت و ته‌نیا ئاماژه به ده‌سه‌ڵاتی توركیای كرد، هێرشه‌كه‌ی ئیستانبوڵی خسته ئه‌ستۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به "هێزی قووڵ" ده‌زانێت و هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه "توركیا ئه‌مڕۆ ته‌نگاو بووه، له دونیادا به ته‌نیا ماوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پرسی ئازادی گه‌لی كورد وه‌لا بنێت، بۆ ئه‌وه‌ی پێشی به شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان بگرێت، پشتگیری داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ی كرد و خۆی خسته ناو كێشه‌ی سوریا و له هاوپه‌یمانی خۆی، ناتۆ دوور كه‌وته‌وه، به ناچاری خۆی خسته ژێر چنگی روسیا، له‌وێش ناتوانێت هیچ ئه‌نجامێك به‌ده‌ست بھێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی بڵێت داعش هێرش ده‌كاته سه‌رمان، ئه‌و كاره رێكخراوه".