ژیان له شوێنی قه‌ره‌باڵغ عه‌قلی مرۆڤ بچووك ده‌كاته‌وه
هۆكاریكیشه بۆ جه‌ڵته‌ی مێشك و تێكچوونی ده‌روون و كه‌مبوونه‌وه‌ی تواناكانی مێشك
K24 – هه‌ولێر
به پێی ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌ك، ئه‌وانه‌ی له نزیك شوێنەكانی قه‌ره‌باڵغ و هاتووچۆ ده‌ژین، زیاتر ده‌كه‌ونه به‌ر مه‌ترسی بچووك بوونه‌وه عه‌قل (dementia) كه به‌هۆیه‌وه دووچاری لاوازی بێرهێنانه‌وه و بیركردنه‌وه و كه‌مبوونه‌وه‌ی تواناكانی مێشك كه به نه‌خۆشی ئه‌لزایمێر (Alzheimer) ناسراوه، ده‌بنه‌وه و هۆكاریكیشه بۆ جه‌ڵته‌ی مێشك و تێكچوونی ده‌روون به‌هۆی ژه‌هراوی بوونی له‌ش به گازه‌كانی وه‌ك ماده هۆشبه‌ره‌كان و نه‌خۆشی ده‌ماره‌كانی مێشك.
به پێی هه‌واڵێكی بی بی سی، توێژه‌ران له‌مباره‌وه رایانگه‌یاند: "نزیكه‌ی 10% تووشبووانی بچووكبوونه‌وه عه‌قل ئه‌و كه‌سانه‌ن كه له نزیكی 50 مه‌تری شه‌قامه‌كانی قه‌ره‌باڵغی هاتووچۆ ده‌ژین".
توێژه‌ران بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بۆ ماوه‌ی 11 ساڵ توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر نزیكه‌ی دوو ملیۆن كه‌س له كه‌نه‌دا كردووه و گه‌یشتنه ئه‌و ئه‌نجامه كه پیسبوونی كه‌شوهه‌وا و قه‌ره‌باڵغی ده‌نگ ده‌توانێ یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاركردی مێشك.
له‌م توێژینه‌وه‌دا زیاتر له 200 هه‌زار تووشبووانی بچووكبوونه‌وه‌ی عه‌قل له ماوه‌ی 11 ساڵ له ویلایه‌تی ئۆنتاریۆ له كه‌نه‌دا تۆمار كراون، به‌ڵام مه‌ترسی تووشبوون به‌م نه‌خۆشییه له ناوچه‌كانی نزیك له رێگا سه‌ره‌كییه‌كان زیاتر بووه.

مێشكی لای چه‌پ دووچاری نه‌خۆشی ئه‌لزایمێر بووه و له گه‌ڵ مێشكی نۆرمال (لای راست) به‌راورد كراوه
هه‌ر وه‌ك دكتۆرێك له سه‌نته‌ری ته‌ندروستی گشتی ئۆنتاریۆ و به‌شداری ئه‌و توێژنه‌وهیه ده‌لێت "به‌رزبوونه‌وه‌ی گه‌شه‌ی دانیشتوان و شارنشینی بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌س بۆ ناوچه‌كانی قه‌ره‌باڵغی هاتووچۆ كۆچ بكه‌ن، له ئه‌نجامدا زیاتر ده‌كه‌ونه به‌ر مه‌ترسی قه‌ره‌باڵغی و ده‌نگ".
نزیكه‌ی سه‌د جۆر نه‌خۆشی بچووك بوونه‌وه‌ی عه‌قل هه‌یه. به‌ڵام نه‌خۆشی ئالزایمێر كه كه‌مبوونه‌وه‌ی تواناییه‌كانی مێشكه ناسراوترینیانه و 62% تووشبووانی بچووك بوونه‌وه‌ی عه‌قل له‌و جۆره‌ن.
توێژینه‌كان پیشان ده‌ده‌ن نزیكه‌ی 50 ملیۆن كه‌س له جیهان دووچاری بچووكبوونه‌وه‌ی عه‌قل بوونه‌ته‌وه. هه‌رچه‌نده هۆكاری ئه‌و نه‌خۆشییه دیار نییه كه كاریگه‌ری بۆ سه‌ر توانانی مێشك هه‌یه.