عێراق كاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا له باشیك دیاری ده‌كات
به‌غدا داوای رونكردنه‌وه له ئه‌نقه‌ره ده‌كات

K24 – هه‌ولێر
میدیاكانی توركیا بڵاویان كرده‌وه باڵیوزی عێراق ساڵح عوبێدی له ئه‌نقه‌ر رایگه‌یاند چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هێزه‌كانی توركیا له ماوه‌ی سێ مانگ له باشیك بكشێنته‌وه و داوای رونكردنه‌وه‌شی له ئه‌نقه‌ره كرد.
له كاتی سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا بیناڵی یڵدرم بۆ به‌غدا له رۆژی 7 كانوونی دووه‌می 2017 له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌و وڵاته له باشیك رێككه‌وتن كرا، به‌ڵام ئه‌وه یه‌كه‌مجاره به‌رپرسێكی عێراق كاته‌كه‌ی دیاری ده‌كات و ده‌ڵێت چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ له ماوه‌ی سێ مانگدا كۆتایی بهێت و هێزه‌كانی توركیاشی له‌م ماوه‌یه‌كدا بكشێننه‌وه.
رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی رایگه‌یاند تا هێزه‌كانی توركیا له باشیك نه‌كشێنه‌وه، هیچ پێشوه‌چوونێك له په‌یوه‌ندیی نێوان بەغدا و ئه‌نقه‌ره رووی نادات.
باڵیۆزی عێراق له ئه‌نقه‌ره له‌مباره‌وه گوتی ئه‌گه‌ر كێشه‌ی باشیك چاره‌سه‌ر بكرێت، كێشه‌كانی دیكه‌ی نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.
له لایه‌كی دیكه‌وه وه‌زیری به‌رگری توركیا فكری ئیشك رایگه‌یاند كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له باشیك له پلاندا نییه تا ئه‌و كاته‌ی داعش له عێراق و موسڵ هه‌بێت.
ئیشك له وه‌ڵامی پرسیارێك له‌باره‌ی كاتی كشانه‌وه‌ی هیزه‌كانیان له باشیك گوتی: "پاش خاوێنكردنه‌وه‌ی ته‌واوی ناوچه‌كه له گرووپه تیرۆریستییه‌كان ، جارێكی دیكه له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی كۆ ده‌بینه‌وه و به شێوه‌یه‌كی دۆستانه ئه‌و پرسه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین". بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرووپانه ئاشكرا بكات كه به گرووپه تیرۆریستییه‌كان له عێراق ناوی بردوون.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه به‌غدا داوای ده‌رچوونی هێزه‌كانی توركیا له باشیك ده‌كات، ئه‌نقه‌ره‌ش داوای ده‌ركردنی په‌كه‌كه له شنگال ده‌كات.
باڵیۆزی عێراق له ئه‌نقه‌ر هه‌روه‌ها گوتی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ناكه‌ین توركیا له‌ناو خاكی عێراق ئۆپه‌راسیۆن ئه‌نجام بدات.
ساڵح عوبێدی له لایه‌كی تره‌وه داوای رونكردنه‌وه له توركیا كرد به بۆنه‌ی سه‌ردانی شاندی ئه‌م دواییه‌ی توركیا بۆ كه‌مپی باشیك و له‌مباره‌وه گوتی: "سه‌ردانكردنی كه‌مپی باشیك له پلاندا نه‌بووه و چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین توركیا له‌مباره‌وه رونكردنه‌وه بدات".
JS