ئه‌حمه‌د تورك بۆ نه‌خۆشخانه گواسترایه‌وه
راپۆرتێك له‌باره‌ی ره‌وشی ته‌ندروستی و ئه‌نجامی پشكنینه‌كانی بڵاو ده‌كرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر
هاوشاره‌داری مێردین ئه‌حمه‌د تورك بۆ پشكنینی پزیشكی له زیندانی سیلیڤری له ئیستانبوڵ بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی حكومی گواسترایه‌وه.
ئه‌حمه‌د تورك 74 ساڵی رۆژی 20 تشرینی دووه‌می 2016 ده‌ستگیر كرا و رۆژی 24 هه‌مان مانگ بڕیاری گرتنی درا و بۆ زیندانی سیلیڤری له ئیستانبوڵ گواسترایه‌وه، له كاتێكدا دڵه‌كه‌ی به باتری كار ده‌كات و مانگانه پێویستی به سه‌ردانكردنی دكتۆر هه‌یه بۆ پشكنینی دڵه‌كه‌ی.
هاوژینی ئه‌حمه‌د تورك به كوردستان24 راگه‌یاند، جاری پێشوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی ویستیان به ده‌ستی كه‌له‌پچه‌كراو بۆ نه‌خۆشخانه ببه‌ن، ره‌تیكرده‌وه ئاماده بێت به‌م شێوه‌یه بچێته نه‌خۆشخانه و پشكنینی بۆ بكرێت.
گوتیشی سه‌رباری ئه‌وه‌ی دڵه‌كه‌ی به باتری كار ده‌كات، ئاوی سپی له چاوه‌كانی هه‌یه و دووچاری رۆماتیزمیش بووه و ته‌مه‌نیشی زۆره.
پاش ئه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د له نه‌خۆشخانه پشكنینی بۆ كرا، جارێكی دیكه گواسترایه‌وه زیندان و بڕیاره تیمی نه‌خۆشخانه راپۆرتێك له‌باره‌ی ره‌وشی ته‌ندروستی و ئه‌نجامی پشكنینه‌كانی بڵاو بكاته‌وه.
بڕیار بوو رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو ئه‌حمه‌د تورك به رێگه‌ی ڤیدیۆكۆنفرانس، به‌شداری دانیشتنێكی دادگا بكات له شاری ئامه‌د.
پێشتر پارێزه‌ری ئه‌حمه‌د تورك و په‌رله‌مانتاریكی جه‌هه‌په نیگه‌رانی خۆیان له‌باره‌ی ره‌وشی ته‌ندروستی ئه‌حمه‌د تورك، هاوشاره‌داری مێردین له زیندانی سیلڤیری ئیستانبوڵ ده‌ربڕی و پاش سه‌ردانیكردنی له زیندان رایانگه‌یاند، ژیانی له مه‌ترسیدایه.
ئه‌حمه‌د تورك و چه‌ندین هاوشاره‌داره‌كانی دیكه‌ی باكووری كوردستان له وانه، هاوشاره‌دارییه‌كانی ئامه‌د و وان به تۆمه‌ته‌كانی وه‌ك پروپاگه‌نده بۆ په‌كه‌كه و سووكایه‌تیكردن به دامه‌زراوه‌كانی توركیا، به‌تایبه‌تی سه‌رۆك كۆمار، لایه‌نه ئه‌منی، سه‌ربازی و دادوه‌رییه‌كانی ئه‌و وڵاته له زینداندان.
ئه‌حمه‌د تورك هاوشارداری مێردین له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان له 30 ئاداری 2014 له‌سه‌ر لیستی پارتی هه‌رێمه‌كانی دیموكرات-ده‌به‌په وه‌ك هاوشاره‌داری مێردین هه‌ڵبژێردرا.
- له 2 ته‌موزی 1942 له دێرك پارێزگای مێردین له دایكبووه
- له 17 ئابی 2005 تا 3 ته‌موزی 2007 سه‌رۆكی پارتی كۆمه‌ڵی دیموكراتیك-ده‌ته‌په بوو.
- شه‌ش خول په‌رله‌مانتار بووه له ساڵانی (1973 - 1977 – 1987 – 1991 –2007 –2011)
- له ساڵانی 1973-1974 ئه‌ندامی پارتی دیموكرات بوو
- له ساڵانی 1974-1980 ئه‌ندانی پارتی كۆماری گه‌ل-جه‌هه‌په بوو.
- له ساڵانی 1987-1994 ئه‌ندامی پارتی سوسیال دیموكراتی گه‌ل بوو.
- له ساڵانی 2005 تا 2009 ئه‌ندامی پارتی كۆمه‌ڵی دیموكراتیك-ده‌ته‌په بوو.
JS