كێڵگەی مینڕێژكراوی ژەھراوی لە عێراق و سوریا ھەیە

9 ھەزار كێڵگەی مینڕێژكراو لە ماوەی شەش مانگی رابردوو لە عێراق و سوریا پوچەڵ كراون

K24 - ھەولێر

گرووپی راوێژكاری مین رایگەیاند 9 ھەزار كێڵگەی مینڕێژكراو لە ماوەی شەش مانگی رابردوو لە عێراق و سوریا خاوێن كراونەتەوە، لەو ناوچانەی پێشتر لە لایەن داعشەوە داگیر كرابوون.

جێین كۆكێنگ بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گرووپەكە گوتی بەلایەنی كەمەوە بۆ زیاتر لە 60 وڵات ساڵانە پێویستی بە 100 ملیۆن دۆلار بودجەی زیاتر ھەیە بۆ پوچەڵكردنەوەی مینەكانی ئەو شوێنانەی پێشتر مینڕێژ كراون و لەگەڵ ئەو ناوچانەی ھێشتا شەڕ و پێكدادانەكانی بەردەوامن.

پێشی وایە قەیرانی كێڵگەكانی مین لە عێراق و سوریا بە درێژایی دەیان ساڵ وێنەی نەبووە.

ئەم بەرپرسەی بەرەنگاربوونەوەی مین لە لێدوانێك بۆ رویتەرز كێشەكە بۆ ئەوە دەگەڕێنتەوە و دەڵێت ئەو قەیرانەی ئێستا ھەیە لەوەتەی 1990 نەبینراوە و بەرەنگاربوونەوەشی پێویستی بە بودجەیەكی زیاتر ھەیە.

 بەپێی راپۆرتی چاودێری كێڵگە مینڕێژكراوەكان، ژمارەی قوربانیانی مین لە ساڵی 2016 لە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتر 76% بەرز بووەوتەوە و زۆربەشیان ھاووڵاتیانی سڤیلن. زۆربەی قوربانیانی مین لە وڵاتانی لیبیا، سوریا، ئوكراین و یەمەن بووە.

جەیمس كۆوان بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دەزگای خێرخوازیی بەریتانی The Halo Trust.Donors رایگەیاند كێڵگەی ژەھراوی تێكەڵاو لە وڵاتانی وەك عێراق، سوریا و لیبیا ھەیە و بە ھۆیەوە پێویستی بە كارێكی زۆر ھەیە بۆ پوچەڵكردنەوەیان.

JS