ژنان ده‌توانن بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئێران خویان بپاڵێون

ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور مافی رەتكردنەوەی تەواوی پاڵێوراوانی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ھەیە

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێران رایگەیاند ژنان دەتوانن خویان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكەیەتی بپاڵێون، بەڵام پرسی "رجل سیاسی" ھێشتا لە ئەنجومەنەكەیان چارەسەر نەكراوە.

عەباسعەلی كەدخودایی لە كونگرەیەكی رۆژنامەوانی لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی بەشداری كردنی ژنان لە ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئێران گوتی "ژنان دەتوانن وەك پاڵیوراو ناوی خویان تۆمار بكەن، بەڵام پرسی "رجل سیاسی" ھێشتا لە ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بە كوتایی نەگەیشتووە، ئەگەر بە ئەنجامێك گەیشتین، رادەگەینین".

لە كۆماری ئیسلامی ئێران رێگە بە ژنان نادرێت ببنە سەرۆك كۆمار و لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور مافی رەتكردنەوەی تەواوی پاڵێوراوانی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ھەیە.

بڕیارە رۆژی 19 ئایاری 2017 ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران ھاوكات لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانی شار و گوند و ھەروەھا ھەڵبژاردنی تەواوكاری خولی دەیەمی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوە بچێت.

گوتەبێژەكەی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێران پێشتر رایگەیاندبوو دیاریكردنی پێوەرەكانی "رجل سیاسی" لە دەسەڵاتی ئەنجومەنەكەیان دایە و پێویستی بە پەسندكراوی پەرلەمان نییە.

بە پێی مادەی 115 دەستووری ئێران، "پێویستە سەرۆك كۆمار لەناو پیاوانی ئاینی و سیاسی" ھەڵبژیردرێت.

JS

Fly Erbil Advertisment