ئۆباما دوا قسەی خۆی لە بارەی پوتین كرد

پەیوەندییەكی بنیاتنەر نێوان واشنتۆن و مۆسكۆ لە بەرژەوەندی جیھان دایە

K24 - ھەولێر

باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دوایین كۆنگرەی رۆژنامەوانی وەك سەرۆكی ئەو وڵاتە پشتگیری لە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانی واشنتۆن و مۆسكۆ كرد و گوتی "پەیوەندییەكی ئاواكەر نێوانیان لە بەرژەوەندی ئەمریكا جیھان دایە".

ھەر لەم بارەوە گوتی "روحییەتی دوژمنكارانەی ڤلادمیر پوتین پەیوەندییەكانی نێوانیان سەختر كردووە".

سەپاندنی سزاكانی بە سەر روسیاشی بۆ دەستێوەردانەكانی لە ئۆكراین گەڕاندەوە و دەڵێت بەشێك لەم وڵاتەی داگیر كردووە و ئەركی ئەمریكایە پشتیوانی و پاراستنی پێوەرە قبووڵكراوەكانی نێودەوڵەتی بكات.

پەیوەندییەكانی ئەمریكا و روسیا لە سەردەمی ئۆباما بە ھۆی قەیرانی ئۆكراین و ھێرشە ئەلكترۆنییەكانی ئەم دواییە دووچاری ناكۆكییەكی بێ وێنە بوو، كە لە وەتەی كوتاییھاتنی شەڕی سارد وێنەی نەبووە.

قسەكانی ئۆباما لە بارەی روسیا لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە ئەگەری ھەڵگرتنی سزاكانی سەر ئەو وڵاتە لە لایەن دۆنالد ترەمپ سەرۆكی ھەڵبژێردراو ھات كە بڕیارە سبەینێ رۆژی ھەینی سوێندی یاسایی بخوات و وەك 45مین سەرۆكی ئەمریكا دەست بەكار ببێت.

JS