ته‌واوی ورده‌كاری سوێندخواردنی تره‌مپ وه‌ك سه‌رۆكی نوێی ئه‌مه‌ریكا
پێش رێوڕه‌سمه‌كه ورده‌كارییه‌كانی بزانه.. تره‌مپ به‌م شێوازه ده‌چێته كۆشكی سپی
K24 - هه‌ولێر:
جیهان چاوه‌ڕوانی رێوڕه‌سمی دانانی سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپه، رۆژی 20/1/2017 ئه‌و نه‌ریته 200 ساڵه‌یه‌ی ئه‌مریكا، له باڵه‌خانه‌ی كۆنگرێس، ته‌داره‌ك بۆ سه‌رۆكێكی نوێ رێكده‌خات.
به گوڵ ده‌ستپێده‌كات و به نوێژ ده‌گاته كۆتایی و له كۆتاییشدا تره‌مپ ده‌باته سه‌ر كورسی كۆشكه سپییه‌كه.
ئاهه‌نگه‌كه سێ رۆژ ده‌خایه‌نێت و خه‌رجییه‌كانیشی به 200 ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، 900 هه‌زار كه‌س ئاماده‌ی ده‌بن، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه باراك ئۆباما و خێزانه‌كه‌ی، كه له سبه‌ینێوه كۆشكه سپییه‌كه بۆ هه‌تایه له ده‌ستده‌دات و ده‌بێته سه‌رۆكی پێشوو، مه‌گه‌ر به میوانی بچێته‌وه ناوی، چه‌ندین ناوداری بواری هونه‌ر و سیاسه‌تیش له‌و كه‌ژاوه سه‌رۆكایه‌تییه‌دا ئاماده‌ده‌بن.
.jpg)
له‌گه‌ڵ گۆڕینی سه‌رۆكه‌كان له ئه‌مریكا، رێوڕه‌سمی دانانی سه‌رۆك هه‌ندێك گۆڕانكاری تێداكراوه، ئێستا جیاوازتره له‌وكاته‌ی جۆرج واشنتۆنی یه‌كه‌م سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ساڵی 1789 له شاری نیویۆرك سوێندی ده‌ستووری خوارد.
تۆماس جیڤرسۆن یه‌كه‌م سه‌رۆكی ئه‌مریكا بووه له واشنتۆن سوێندی ده‌ستووری خواردووه، پاش ئه‌وه‌ی له ساڵی 1800 واشنتۆن به فه‌رمی وه‌ك پایته‌ختی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ده‌ستنیشانكرا، له‌كاتی دانانی سه‌رۆك جیمیس مونرۆی له ساڵی 1817 و تا ئێستا رێوڕه‌سمی دانانی سه‌رۆك، له باخچه‌ی باڵه‌خانه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مریكا له واشنتۆن به‌ڕیوه‌ده‌چێت.
.jpg)
رۆژی پێنج شه‌ممه، دۆناڵد تره‌مپ و مایك پێنس جێگری سه‌رۆك، پێش ئاهه‌نگی دانانیان، تاجه‌گوڵینه ده‌به‌نه سه‌ر گڵكۆی سه‌ربازی ون له گۆڕستانی ئه‌رلینگتۆنی نیشتمانی، دواتر ده‌چنه لای په‌یكه‌ری لینكۆڵن یه‌كێك له سیمبوله‌كانی پایته‌ختی ئه‌مریكا، له‌وێ ئاهه‌نگێك هه‌یه له ژێر درووشمی " سه‌رله‌نوێ ئه‌مریكا مه‌زن ده‌كه‌ینه‌وه" چونكه تره‌مپ له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌و درووشمه‌ی هه‌ڵگرتبوو، هه‌ر له‌وێ تره‌مپ و پێنس وتار بۆ ئاماده‌بووانی ئه‌و ئاهه‌نگه ده‌ده‌ن.
رۆژی هه‌ینی 20/1/2017 تره‌مپ و خێزانه‌كه‌ی ده‌چنه كۆشكی سپی، له‌وێ ئۆباما و خێزانه‌كه‌ی و تره‌مپ و خێزانه‌كه‌ی دوادیداری نێوانیان به ئاماده‌بوونی خێزانه‌كانیان ئه‌نجامده‌ده‌ن. پاش ئه‌وه هه‌موویان ده‌گوازنه‌وه بۆ كڵێسایه‌كی نزیك كۆشكی سپی و ئاماده‌ی رێوڕه‌سمێكی ئایینی ده‌بن، دواتر تره‌مپ و ئۆباما به‌ره‌و باخچه‌ی كۆنگرێس ده‌ڕۆن كه سه‌رۆكی نوێ سوێندی ده‌ستووری تێدا ده‌خوات.
.jpg)
نیوه‌ڕۆی ئه‌و رۆژه، دۆناڵد تره‌مپ له به‌رده‌م گه‌وره دادوه‌ری دادگای باڵای ئه‌مریكا، جۆن رۆبه‌رتس، سوێندی یاسایی ده‌خوات. ئه‌و سوێنده‌ی له‌ساڵی 1884ه‌وه له ده‌ستووری ئه‌مریكادا به‌مشێوه‌یه نووسراوه "سوێند ده‌خۆم به دڵسۆزی ئه‌ركی سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ببه‌م، پابه‌ندی ده‌ستووری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئهمریكابم و بیپارێزم و به‌رگری لێبكه‌م".
وه‌ك نه‌ریتێك سه‌رۆكه‌كان په‌یڕه‌وییان له‌م دهستهواژهیهكردووه و سه‌ره‌تا ده‌ڵێن "خوا هاوكارمبێت" هه‌ندێك ده‌ڵێن مه‌به‌ست له‌و ده‌سته‌واژه‌یه داواكردنی هاوكارییه له یه‌سووع (مه‌سیح) و هه‌ندێكیش ده‌ڵێن داوای هاوكارییه له خودا، به‌ڵام له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه له ده‌قی ده‌ستووری ئه‌مریكادا نییه، به‌ڵام زۆربه‌ی سه‌رۆكه‌كان گوتوویانه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دۆناڵد تره‌مپ هه‌مان ده‌سته‌واژه به‌كاربهێنێته‌وه.
.jpg)
سه‌رۆك ده‌توانێت له‌و كاته‌ی سوێند ده‌خوات له بڕی ئه‌وه‌ی بێڵیت "سوێند" ده‌خۆم ده‌توانێت بڵێت "جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه".
چه‌ند حاڵه‌تێكی تایبه‌تی وه‌ك سوێند خواردنی تیۆدۆر رۆزفێڵت و جۆن كوێنسی ئادامز، نه‌بێت، سه‌رۆكه‌كانی پێشووی ئه‌مریكا له‌كاتی سوێندخواردنه‌كه‌دا ده‌ستیان له‌سه‌ر ئینجیل داناوه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تره‌مپیش هه‌روا سوێندبخوات و ده‌ست له‌سه‌ر ئه‌و ئینجیله دابنێت كه ئه‌براهام لینكۆڵن به‌كاریده‌هێنا و له منداڵییه‌وه ده‌یخوێنده‌وه.
به‌ڵام مایك پێنس، جێگری سه‌رۆك له‌به‌رده‌م یه‌كێك له ئه‌ندامانی دادگای باڵای ئه‌مریكا سوێند ده‌خوات.
.jpg)
دوای سوێندخواردنی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك، ئاهه‌نگێك به بۆنه‌ی جێهێشتنی كۆشكی سپی بۆ ئۆبامای سه‌رۆكی پێشوو و خێزانه‌كه‌شی سازده‌كرێت، دواتر هه‌موویان بۆ نانخواردن ده‌گه‌ڕێنه‌وه كۆشكی سپی و رێوڕه‌سمی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
له‌كاتی گواستنه‌وه‌ی كه‌ژاوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی له شه‌قامی په‌نسلڤانیاوه بۆ كۆشكی سپی، خه‌ڵكی به درێژایی شه‌قامه‌كه بۆ سڵاوكردن له سه‌رۆكی نوێ ریزده‌به‌ستن، ئه‌گه‌ر هاتوو نه‌یارانی تره‌مپ له‌وكاته‌دا خۆپیشاندان نه‌كه‌ن.
.jpg)
دوای گه‌یشتنی كه‌ژاوه‌ی تره‌مپ بۆ كۆشكی سپی، ئێواره‌كه‌ی ئاهه‌نگ و سه‌ما بۆ ده‌ستپێكردنی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی نوێ ده‌ستپێده‌كات، ئاهه‌نگه‌كه به سه‌ماكردنی تره‌مپ و میلانیای هاوژینی ده‌ستپێده‌كات، مایك پێنس و هاوسه‌ره‌كه‌شی ده‌بێت سه‌ما بكه‌ن، گۆرانیبێژ و سه‌ماكاری دیكه‌ش به‌شداری ئاهه‌نگه‌كه ده‌كه‌ن.
رۆژی شه‌ممه 21/1/2017 نوێژی ده‌ستپێكردن له كڵێسای كاتیدرائی نیشتیمانی واشنتۆن ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش نه‌ریتێكه له ساڵی 1933 په‌یڕه‌وی لێده‌كرێت، جگه له سه‌رۆك بیل كلینتۆن، كه له كڵێسای مه‌ترانیه‌ی میسوودی ئه‌فریقی نوێژیكرد، هه‌موو سه‌رۆكه‌كان له‌و ماوه‌یه‌دا نوێژیان له كڵێساكه كردووه.
.jpg)
دوای نوێژه‌كه تره‌مپ ده‌چێته نووسینگه هێلكه‌ییه‌كه‌ی كۆشكی سپیی و وه‌ك 45 همین سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ست به ئه‌ركه‌كانی ده‌كات.
بۆ پێشوازی ئه‌و ئاهه‌نگه سه‌رۆكایه‌تییه، واشنتۆنی پایته‌ختی ئه‌مریكا رێوشوێنێكی ئه‌منی فراوانیش به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی سێ رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، نزیكه‌ی 28 هه‌زار پۆلیس و 7 هه‌زار پاسه‌وانی نیشتمانی به پایته‌ختدا بڵاوده‌كرێنه‌وه و زۆربه‌ی شه‌قام و رێگاكان داده‌خه‌ن و هاتووچۆ له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك دووچاری كێشه و قه‌ره‌باڵغی ده‌بێت.
.jpg)
پێشبینی ده‌كرێت زیاتر له 900 هه‌زار كه‌س له واشنتۆن ئاماده‌ی رێوڕه‌سمی سوێندخواردنی سهرۆكبن و كه‌ژاوه‌ی تره‌مپ له كۆنگرێسه‌وه بۆ كۆشكی سپی ببینن.
جگه له‌وانه‌ی له واشنتۆن رێوڕه‌سمه‌كه ده‌بینن و به‌شداری ده‌كه‌ن و پاڵپشتی تره‌مپن، چه‌ند گرووپێكی دیكه‌ش هه‌ن پێشتر رایانگه‌یاندووه نه‌یاری تره‌مپن و له‌و رۆژانه‌دا چالاكی و خۆپیشاندان به‌رێوه‌ده‌به‌ن، هه‌ر بۆیه ئاسایش توندتركراوه.
داوه‌تنامه بۆ هونه‌رمه‌نده ناوداره‌كانیش نیردراوه تا ئاماده‌ی ئاههنگهكانبن.
.jpg)