داوای نۆژەنکردنەوەی مەزارگە و مزگەوتی نەبی یونس دەکرێت
ھاووڵاتیانی مووسڵ چیرۆكی ساتەوەختی تەقاندنەوەی مەزارگەی نەبی یونس دەگێڕنەوە
K24 - مووسڵ
مەزارگە و مزگەوتی نەبی یونس لە مووسڵ لەگەڵ ھاتنی داعش بۆ شارەکە تەقێنرایەوە، ئێستا ئەگەرچی تەنیا شوێنەوارەكەی ماوە، بەڵام خەڵکی مووسڵ داوا دەکەن دووبارە نۆژەن بکرێتەوە، ھاووڵاتیانیش ساتی تەقاندنەوەی مەزارگەکە و چۆنێتی کوشتنی پێشنوێژی مزگەوتی نەبی یونس بۆ کوردستان24 دەگێڕنەوە.
ھاووڵاتیەكی مووسڵ كە ماڵی لە نزیك مەزارگەی نەبی یونسە بە كوردستان24 گوت: "كاتێك داعش ھاتنە گەڕەكەكەمان و دەیانویست مەزارگەی نەبی یونس بتەقینەوە، پێمان گوتن مەیتەقێنەوە، ھەر كەسێك قسەی دەكرد لێیان دەدا".
یەكێكی دیكە لە ھاووڵاتیانی گەڕەكەكە گوتی: "ئیمام و پێشنوێژی مزگەوتی نەبی یونس رەخنەی لە داعش گرت لەسەر تەقاندنەوەی مەزارگە، بۆیە كوشتیان".
مەزارگەی نەبی یونس دەكەوێتە بەری رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ، لە تەموزی ساڵی 2014، كاتێك داعش دەستی بەسەرمووسڵ داگرت مەزارگەكەی تەقاندەوە، جگە لە مەزارگەكە مزگەوتێكی گەورەشی تێدابوو، ئەویش لەوكاتەدا بەر تەقینەوەكە كەوتووە.
مێژووی مەزارگەی نەبی یونس دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 138 كۆچی، بە گرنگترین مەزارگەی ئایینی لە شاری مووسڵ هەژماردەكرێت، مێژووی منارەی مزگەوتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 1282 كۆچی.