كۆمپانیایه‌ك ژماره‌ی بینه‌رانی رێوڕه‌سمی سه‌رۆكایه‌تی له ئه‌مریكا ئاشكراده‌كات
تره‌مپ نه‌یتوانیووه له ئۆباما بباته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
كۆمپانیای نیڵسنی ئه‌مریكی بۆ توێژینه‌وه و پێوه‌ری ته‌ماشاكردنی ته‌له‌فزیۆنی رایگه‌یاند" نزیكه‌ی 31 ملیۆن كه‌س له رێگه‌ی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه، ته‌ماشای ئاهه‌نگی ده‌ستبه‌كاربوونی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكایان كردووه، ئه‌مه‌ش زۆر كه‌متره له‌و كه‌سانه‌ی له ماوه‌ی خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تییدا، رووماڵی رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونی باراك ئۆبامایان ته‌ماشاكردبوو.
به دیاریكراوی 30.6 ملیۆن كه‌س له رێگه‌ی 12 تۆڕی ته‌له‌فزیۆنی تایبه‌ت به رووماڵی ئاهه‌نگه‌كه بینه‌ری سه‌رۆكه نوێیه‌كه‌بوون، ئه‌م بینه‌رانه‌ش هه‌مان ژماره‌كانی ته‌ماشاكارانی ده‌ستبه‌كاربوونی بوشی باوك و بوشی كوڕه.
به‌ڵام ئاهه‌نگی ده‌ستبه‌كاربوونی ئۆباما بینه‌ر زۆرتر بوون، له ساڵی 2009 و له خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا، نزیكه‌ی 38 ملیۆن كه‌س ته‌ماشای رێوڕه‌سمه‌كه‌یان كردبوو. ئه‌مه‌ش دووه‌م زۆررترین ژماره‌ی بینه‌رانه له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراوه‌ی نیڵسن ده‌ستی به كۆكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی بینه‌ره‌كان كردووه له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی ریچارد نیكسۆن له ساڵی 1969 وه.
ئه‌و سه‌رۆكه‌ی تا ئێستا زۆرترین كه‌س ته‌ماشای رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونه‌كه‌ی كردووه، رۆناڵد ریگان بووه، له كاتی ده‌ستبه‌كاربوونیدا 42 ملیۆن كه‌س ته‌ماشای رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونه‌كه‌یان كرد، ئه‌و ژماره‌یه‌ش ئه‌و كاته بوو كه ئه‌و سه‌رۆكه كۆماریخوازه له كالیفۆڕنیاوه هات و له یه‌كه‌م ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا له ساڵی 1981 توانی چاوی زۆرترین بینه‌ر بخاته سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان.به‌ڵام بۆ خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی پاش چوار ساڵ رێژه‌ی ته‌ماشاكارانی بۆ 25 ملیۆن كه‌س كه‌میكردبوو.
به‌ڵام تره‌مپ بینه‌ری له بیل كلینتۆن زۆرتر بووه، چونكه كلینتۆن خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی 29.7 ملیۆن و جاری دووه‌م 21.6 ملیۆن كه‌س ته‌ماشایان ده‌كرد. بۆ ئۆباماش جاری دووه‌م بینه‌ره‌كانی زۆر كه‌مببوونه‌وه له 38 ملیۆنه‌وه هاتبووه 20.5 ملیۆن كه‌س له ساڵی 2013 دا.
جۆرج ده‌بلیو بوش خاوه‌نی كه‌مترین ته‌ماشاكاره له‌و مێژووه‌دا، له ساڵی 2005 و له خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا ته‌نها 15.5 ملیۆن كه‌س ته‌ماشای رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونه‌كه‌ی كردووه. به‌ڵام ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی یه‌كه‌می له ساڵی 2001 ئه‌و كاته‌ی به‌سه‌ر ئالگۆردا سه‌ركه‌وت، 29 ملیۆن ته‌ماشاكاری هه‌بووه.
نیكسۆنی كۆماریخواز، ته‌نها سه‌رۆكی ئه‌مریكایه توانیوویه‌تی ته‌ماشاكارانی رێوڕه‌سمه‌كه‌ی له نێوان دوو خولی سه‌رۆكایه‌تیدا زیاتر بكات، ساڵی (1969) 27 ملیۆن كه‌س ته‌ماشایانكردبوو، به‌ڵام بۆ ساڵی 1973 ژماره‌ی بینه‌رانی گه‌یشته نزیكه‌ی 33 ملیۆن كه‌س.
له به‌رامبه‌ردا ته‌نها یه‌كێك له سه‌رۆكه دیموكراته‌كانی ئه‌مریكا هاوشانی باراك ئۆباما توانیوویه‌تی ژماره‌یه‌كی زۆری بینه‌ر كۆبكاته‌وه، ئه‌ویش جیمس كارته‌ر بوو له ساڵی 1977دا توانی 34.1 ملیۆن ته‌ماشاكاری هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی نیڵسن رایگه‌یاندووه.
