"ساڵى 2016 سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ى كوردستان بوو له‌رووى سياسى و سه‌ربازييه‌وه"
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
K24 – هه‌ولێر:
مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له ميانى به‌شداريكردنى له كۆڕبه‌ندى جيهانى له داڤۆس، ديدارێكى له‌گه‌ڵ كوردستان 24 و روداو ئه‌نجامدا و له وه‌ڵامى پرسياره‌كاندا رايگه‌ياند، بۆ سه‌ربه‌خۆيى كوردستان باش‌ترين شت ئه‌وه‌يه ئيشى جدى و زۆر بكرێت و قسه كه‌مبكرێت و گوتيشى: 2016 ساڵى سه‌ركه‌وتنى پێشمه‌رگه و ديپلۆماسيه‌تى كوردستان بوو.
ده‌قى گفتوگۆكه:
پرسيار: چه‌ندين ديدارتان له داڤۆس ئه‌نجامدا، ئايا ئه‌وان دڵنياييان داوه دواى گرتنه‌وه‌ى مووسڵ پشتيوانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن..
بارزانى: زۆرێكمان بينى له‌و سه‌ركردانه‌ى به‌شدار بوون و به ته‌ئيكيد ده‌رفه‌تێكى باش بوو بۆ ئه‌وه‌ى بۆچوونى خۆمان بۆ ئه‌وان روون بكه‌ينه‌وه و ئه‌وانيش بۆچوونى خۆيان به ئێمه رابگه‌يه‌نن و خۆشبه‌ختانه هه‌مووان به چاوێكى زۆر رێزه‌وه ته‌ماشاى خه‌باتى پێشمه‌رگه و خۆڕ‌اگرى ميله‌ته‌كه‌مان ده‌كه‌ن و ئه‌وه جێى شانازييه بۆ ئێمه و هه‌مووشيان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه به‌رده‌وام ده‌بن له هاوكاريكردنى هه‌رێمى كوردستان.
پرسيار: له‌م كۆڕبه‌نده‌دا باسى قه‌يرانى هه‌رێمى كوردستانتان كردووه..
بارزانى: ئه‌وان ده‌توانن يارمه‌تى ئێمه بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى سيستمه‌مێكى ئابوورى رێك‌وپێك له‌كوردستان دروست بكه‌ين و چاكسازييه‌كى رێك‌و پێك له‌كوردستان ئه‌نجام بده‌ين، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێشبينى بكه‌ين ئه‌وان دێن پاره ده‌ده‌ن به‌و ئاسانييه نييه، هه‌رچه‌نده له‌وانه‌يه له زۆر بواردا يارمه‌تى مادديش بده‌ن، به‌تايبه‌تى بۆ ئاواره‌كان له هه‌ندێ پرۆژه كه سوود ده‌گه‌يه‌ننن به كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام له هه‌مووى گرنگتر ئه‌وه‌يه ئه‌وان ئاماده‌ن بێن يارمه‌تيمان بده‌ن، بۆ ژێرخانێكى رێك‌وپێك و ستاندارد بۆ ئێمه له‌كوردستان دابمه‌زرێنن.
پرسيار: ئايا وڵاتانى جيهان گه‌يشتوونه‌ته ئه‌و بڕوايه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى داعش سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه هاوكارى پێشمه‌رگه بكه‌ن..
بارزانى: ئه‌گه‌ر واپێشبينى بكرێت به‌تێكشكانى داعش له موسڵ داعش كۆتايى پێ دێت ئه‌مه هه‌ڵه‌يه‌كى گه‌وره‌يه، داعش وا به‌ئاسانى له‌ناو ناچێت، راسته شه‌ڕى رووبه‌ڕوو تووشى شكستێكى گه‌وره هاتوون و تووشيش دێن، به‌ڵام داعش په‌نا ده‌باته به‌ر شێوه‌ى تر بۆ ئه‌نجامدانى تيرۆر، له‌وانه‌يه رێكخراوێكى ديكه له‌داعش پيستر يان خراپتر كه نازانم دروست ده‌بێت يان نا، به‌ڵام ره‌نگه له‌ژێر ناوى تر رێكخراوى تر دروست بێت، له‌به‌رئه‌وه مه‌سه‌له‌ى تيرۆر ئه‌وه نييه به سه‌ركه‌وتنێكى سه‌ربازى له‌شارێك يان له‌جه‌بهه‌يه‌ك كۆتايى پێ دێت، به‌ڵكو شه‌ڕێكى درێژخايه‌نه پێويستى به هاوكارى هه‌مه‌لايه‌نه‌يه.
پرسيار: كه‌واته ئايدۆلۆژيشه..
بارزانى: به‌ڵێ شه‌ڕى داعش ئايدۆلۆژييه.. كۆمه‌ڵايه‌تييه، ئابوورييه.. هه‌موو بواره‌كان ده‌بێت بگرێته‌وه.
پرسيار: له 2016 ده‌توانين بڵێين ساڵى سه‌ركه‌وتنى كوردستان و ديپلۆماسيه‌تى كورد بوو..
بارزانى: به ته‌ئيكيد، ساڵى 2016 سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ى كوردستان بوو له‌رووى سياسى و سه‌ربازييه‌وه، هيوامان وايه ئه‌مساڵيش ببێته هۆى تێپه‌ڕبوونى قه‌يرانى دارايى.
پرسيار: به مانه‌وه‌ى داعش له سووريا ئايا مه‌ترسى له‌سه‌ر كوردستان به‌رده‌وام نابێت ئێوه ئاماده‌ن هاوكار بن له سووريا..
بارزانى: ئه‌مه حه‌قيقه‌تێكه داعش ده‌بێت له عێراق و سووريا ده‌بێت تێكبشكێت، ئه‌گه‌رنا له‌شوێنێك بمێنێ و خۆى دووباره رێكبخاته‌وه، ماناى وايه ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌يه هه‌ميشه به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه زۆر زۆر گرنگه له هه‌ردوو وڵات كۆتايى پێ بێت، به‌ڵام دوو شتى جياوازه. هه‌رچه‌نده بارودۆخى سووريا له‌گه‌ڵ عێراق قياس ناكرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانين هاوكارى يه‌كتر بكه‌ين ئاماده‌ين، به‌ڵام ئه‌مه ئيشى ئێمه نييه و ئه‌ركى ئێمه‌ش نييه، به‌ڵكو خه‌ڵكى تر هه‌يه ئه‌م كاره بكه‌ن.
پرسيار: ئێوه پشتيوانيتان له عه‌بادى كرد له پرسى مووسڵ و شه‌ڕى داعش به‌ڵام ئه‌و وه‌ك پێويست نه‌هاتووه‌ته پێش..
بارزانى: ئێستا هه‌ماهه‌نگى ئێمه له رووى سه‌ربازييه‌وه زۆر باشه به‌ڵام له بواره‌كانى ديكه پێشكه‌وتن نه‌بووه و نامه‌وێت له‌وه زياتر بچمه ناو ئه‌و پرسه‌وه.
پرسيار: هه‌ست ده‌كرێت ماوه‌يه‌كه كه‌متر باسى سه‌ربه‌خۆيى ده‌كرێت، ئايا ئه‌مساڵ راپرسى ده‌كرێت
بارزانى: خۆى باش‌ترين شت ئه‌وه‌يه ئيشى جدى بكرێت و قسه كه‌م بكرێت و قسه‌ى زۆر بكرێت و ئيشى كه‌م بكرێت چ سوودى هه‌يه. بۆ راپرسى هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ين و دياركردنى كات بۆ ئه‌و پرسه گه‌وره‌يه شتێكى باش نييه.
پرسيار: هه‌ندێك وڵات ده‌ڵێن ئێمه دژى سه‌ربه‌خۆيى نابين..
بارزانى: كه چوومه به‌غدا ئه‌م بابه‌ته‌مان باسكردووه و ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غدا گه‌يشتينه ئه‌نجام رێگه خۆشده‌كات بۆ زۆر وڵاتان بێن بێ كێشه دانمان پێدا بنێن.
له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه به‌رده‌وام ده‌بين و تا له‌گه‌ڵ به‌غدا بوار هه‌بێت بگه‌ينه ئه‌نجام ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ين و پێويست به‌وه ناكات، هه‌نگاوى ديكه بنێين و ئه‌گه‌ر نا‌ئومێد بووين له به‌غدا بێگومان هه‌نگاوى ديكه ده‌نێين و ئێمه واز له‌و پرۆسه‌يه ناهێنين.
پرسيار: كورد له كوێى داهاتووى عێراقه
بارزانى: ئێمه ده‌توانين له‌گه‌ڵ عێراقى داهاتوو دوو جيرانى باش بين، به‌ڵام وه‌ك شه‌ريك نه‌مانتوانى ببينه دوو شه‌ريكى باش و ئه‌مه حه‌قيقه‌تێكه ناتوانرێت نكوڵى لێبكرێت.
پرسيار: خۆرئاواييه‌كان له پێش كامێرا شتێك ده‌ڵێن و له پشت كامێرا ده‌ڵێن ئێمه ئاماده‌ين دان به سه‌ربه‌خۆيى كوردستاندا بنێين، ئايا به ئێوه چى ده‌ڵێن..
بارزانى: هه‌مان شت به ئێمه‌ش ده‌ڵێن..(پێكه‌نين).
پرسيار: له باره‌ى پرسى ئاشتى له باكوورى كوردستان، ده‌وترێت ئه‌و پرسه جێى خۆى ناگرێت و ئێستا ده‌ستگيركردنى به‌رپرسانى كورد له ئارادايه و ده‌وترێت پێويسته توركيا سياسه‌تى نه‌رمترى هه‌بێت..
بارزانى: پێشتر به ده‌نگى بڵند وتم شه‌ڕ نه‌بێت و شه‌ڕ خراپه و ساڵێك گفتوگۆ بێته ئاراوه له سه‌عاتێكى شه‌ڕ باشتره، له‌به‌ر ئه‌وه‌م بوو له‌و ئه‌نجامه ده‌ترسام و به داخه‌وه هێشتا ده‌رفه‌تى ئاشتى نه‌هاتووه‌ته ئاراوه و به‌داخه‌وه شتى زۆر ناخۆش روويانداوه و هه‌ر كات ده‌رفه‌ت بێته ئاراوه ئێمه ئاماده‌ين رۆڵمان هه‌بێت.
پرسيار: چاوه‌ڕێى چى ده‌كه‌ن له ئيداره‌ى نوێى ئه‌مريكا..
بارزانى: خۆشبه‌ختانه زۆرێك له‌وانه‌ى له ئيداره‌ى ئه‌مريكا كه بڕياره به‌رپرسيارێتى گه‌وره وه‌ربگرن ئاشنا‌و دۆستن له‌گه‌ڵ من و هه‌رێمى كوردستاندا و جێگرى سه‌رۆكى تازه هه‌ڵبژێردراو به ته‌له‌فۆن ته‌ئكيدى له‌سه‌ر هاوكارى و پشتيوانى كرده‌وه و هه‌ربۆيه به ته‌سه‌ورى من پشتيوانى زياتر ده‌بێت، نه‌ك كه‌متر.
پرسيار: له باره‌ى داهاتووى سووريا و گفتوگۆكانى ئاستانه‌وه بۆچوونى ئێوه چييه..ئايا له ئاستانه هه‌رێم به‌شدارى ده‌كات..
بارزانى: حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى ئاستانه نابێت و بانگهێشتيش نه‌كراوه، ئێمه هاوكاربين و هانى هه‌ندێك لايه‌نى كورديى بده‌ين بچن به‌شداربن و ره‌وشى سووريا ره‌ش ده‌بينم و زۆر تێكه‌ڵه و به‌داخه‌وه هيچ ئاينده‌يه‌كى گه‌ش نه بۆ كورد و نه بۆ سووريا نابينم.
پرسيار: چى بكرێت باشه..
بارزانى: پرسيارێكى زه‌حمه‌ته و رووسيا و ئه‌مريكا به گه‌وره‌يى خۆيان خه‌ريكى ئه‌وه‌ن چى بكه‌ن باشه و زۆر ئاڵۆزه و پێويستى به كاتى زياتره.
پرسيار: پێش ئه‌وه‌ى سه‌ردانى داڤۆس بكه‌ن داواتان كرد چاره‌سه‌رى كێشه ناوخۆييه‌كانى هه‌رێم بكرێت و ئێستا پارتى ده‌يه‌وێت له‌گه‌ڵ يه‌كێتى رێككه‌وتن بكات، ئايا ته‌نيا يه‌كێتى يان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كانى ديكه‌ش رێككه‌وتن ده‌كرێت..
بارزانى: به ته‌ئكيد له‌گه‌ڵ يه‌كێتى زۆر گرنگه پارتى و يه‌كێتى رێكبكه‌ون، به‌ڵام قه‌تعه‌ن پارتى ناگه‌ڕێته‌وه بۆ رێككه‌وتنى پێنج قۆڵى و ده‌بێت هه‌موو حزبه‌كان به‌شدار بن و نه‌ك بوترێن پارتى و چوار حزبه‌كه و ئه‌و ده‌سته‌واژه‌يه‌م قبووڵ نييه و پارتى جارێكى ديكه ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌ى پێنج قۆڵى، به‌لانى كه‌م ئه‌و حزبانه‌ى به‌شدارن له په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ئه‌وانه‌شى نوێنه‌ريان نييه ده‌بێت راوێژيان پێبكرێت و من خۆم مانعم نييه هه‌موويان به‌شدار بن له كۆبوونه‌وه‌كان، به‌ڵام پێنج قۆڵى ته‌واو.
پرسيار: ده‌وترێت كه‌سى يه‌كه‌مى لايه‌نه‌كان كۆببنه‌وه چاره‌سه‌رى قه‌يرانه‌كان ده‌كرێت..
بارزانى: ئه‌م قه‌يرانه حزبه‌كان درووستيان كردووه و نازانم ده‌توانن چاره‌سه‌رى بكه‌ن يان نا به‌ڵام به ته‌ئكيد ئه‌وان درووستيان كردووه. با كه‌سى يه‌كه‌مه‌كان كۆببنه‌وه و كێ رێى لێ‌گرتوون.. ئه‌وان كۆده‌بنه‌وه و سه‌ركردايه‌تى و مه‌كته‌ب سياسييه‌كان كۆده‌بنه‌وه.
پرسيار: كه‌سى يه‌كه‌مه‌كان كۆده‌بنه‌وه
بارزانى: من له‌گه‌ڵ ئه‌وه نييم، چونكه وا نييه، ئه‌گه‌ر حزبن ئه‌وا قياده‌ى حزبه‌كان ده‌كرێت كۆببنه‌وه و ئه‌گه‌ر شه‌خسه ئه‌ى بۆچى ئه‌و هه‌موو ديعايه ده‌كه‌ن و دكيتاتۆريه‌ت و فه‌ردييه‌ت و ئه‌مه چ مانايه‌كى هه‌يه.
پرسيار: بۆچى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان ئه‌وه‌نده‌ى خاياند..
بارزانى: منيش ئه‌و پرسياره ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌نده درێژه‌ى كێشا چه‌ند جار بانگهێشتم كردن، به‌ڵام ئاماده نه‌بوون، ئێستا ره‌وشه‌كه له‌بارتره و ئاماده‌ييان هه‌يه بێنه پێش و قه‌يرانه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. منيش ئه‌و پرسياره ده‌كه‌م بۆ نايه‌نه پێشه‌وه.
من موباده‌ره‌م كرد و هه‌موو لايه‌نه‌كانم بانگهێشت كرد، هه‌موو ده‌رگايه‌كم كرده‌وه، ئه‌گه‌ر نايه‌ن، ئێمه‌ش به‌رنامه‌ى ديكه‌مان ده‌بێت و ئێستا كاتى نييه باسى بكه‌ين. ئه‌و پرسياره‌ش هه‌يه جارێ ده‌بێت بگه‌ڕێين بزانين كێن سه‌ركرده‌كان هه‌ندێك حزب سه‌ركرده‌كانيشى ديار نيين تا بێن حازر بن.
پرسيار: ئايا سه‌ردانى ئێران ده‌كه‌ن كه زۆر جار بانگهێشت كراوون..
بارزانى: هه‌ركاتێك ره‌وشه‌كه گونجاو بوو ده‌چم.
پرسيار: دواى گرتنه‌وه‌ى حه‌له‌ب، چۆن ده‌ڕواننه ره‌وشى رۆژئاواى كوردستان ئايا ناكۆكى ناوخۆيى ده‌بێته هۆى له‌ده‌ستدانى زۆر شت..
بارزانى: ئه‌و ناكۆكييانه زۆر كاريگه‌رى سلبييان هه‌بوو، به‌داخه‌وه له رۆژئاواى كوردستان ئيرهابێكى عه‌جيب درووست بووه به‌رامبه‌ر به كورده‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌و لايه‌نه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارن. ئه‌وه‌ى حه‌له‌ب سه‌فقه‌يه‌ك بووه، به‌ڵام چى تێدايه و نهێنييه‌كانى چين من نازانم و زۆر شت له پشت په‌رده‌وه ده‌گوزه‌رێت و ئێمه نايزانين، به‌ڵام گه‌شبين نييم له باره‌ى رۆژئاواى كوردستان.
پرسيار: ئه‌مريكا ده‌ڵێت نازانين هاوكارى چ لايه‌نێك بكه‌ين له رۆژئاواى كوردستان..
بارزانى: ئه‌مريكا زۆر باش يارمه‌تى په‌يه‌ده ده‌دات چۆن نازانێت.
پرسيار: ده‌روازه بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ى رۆژئاوا نه‌كراوه‌ته‌وه تا ئێستا..
بارزانى: ئێمه نامانه‌وێت و زۆر جار وتوومه نابێت خوێنى كورد به ده‌ستى كورد بڕژێت، ئه‌گينا ئێمه له مێژ بوو ده‌مانتوانى بياننێرينه‌وه و سه‌برمان گرتووه و وه‌ك عه‌ره‌ب ده‌ڵێت سه‌بريش سنوورى خۆى هه‌يه.
پرسيار: داواى به‌ڕێزتان له به‌رپرسانى جيهان چييه..
بارزانى: من شتێكى دياريكراووم نييه داواى بكه‌م، سبه‌ى گوێ ده‌گرم و له‌به‌ر رۆشنايى قسه‌كانى ئه‌وان بۆچوونى خۆم ده‌ڵێم ئه‌گينا شتێكى دياريكراووم نييه به‌وانه بڵێم ئه‌مه بكه‌ن، ئه‌م قسانه‌ى لێره كردوومه له‌وێش هه‌ر هه‌مان شت ده‌ڵێم و قسه‌ى ديكه‌م پێ نييه.
پرسيار: ئه‌ى له باره‌ى قه‌يرانى سوورياوه چى ده‌ڵێن و رۆڵى جيهان چى ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و قه‌يرانه..
بارزانى: قه‌يرانى سووريا له‌وه ده‌رچووه له‌كۆڕبه‌ندێكى ئه‌وها چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزرێته‌وه، من پێم وايه رێككه‌وتنێك هه‌يه له‌نێوان رووسيا و ئه‌مه‌ريكا، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش ره‌نگه هه‌ندێك توركيا به‌شداربێت، هه‌ندێك ئێران به‌شداربێت، هه‌ندێك ئوردن به‌شدار بێت، هه‌ندێك عێراق به‌شداربێت، به‌ڵام سه‌فقه ئه‌ساسييه‌كه له‌نێوان ئه‌مه‌ريكا و رووسيايه وه‌كه‌سيش نازانێت به وردى چييبووه، له‌به‌رئه‌وه خۆ ماندوو كردنه ئه‌وه‌ى تر هه‌مووى، ده‌بێ بزانين ئه‌وان چ بڕيارێكيانداوه و چى ده‌كه‌ن.
پرسيار: له‌په‌راوێزى ئه‌و كۆڕبه‌نده‌ى كه سه‌ركرده‌كان تێيدا به‌شدارن، به‌تايبه‌ت هه‌ندێك رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ن باس له‌وه ده‌كرێت هه‌ندێكجار سوتفه‌ى وا رێككه‌وتووه رێكخراوێك هاتووه و چاوه‌ڕوانت كردووه شتێكى ناخۆش بڵێت له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان كه‌چى پێچه‌وانه‌كه‌ى ده‌رچووه و ستايشى مافى مرۆڤ و ره‌وشى هه‌رێمى كوردستانى كردووه شتێكى ئه‌وها روويداوه له‌گه‌ڵ ئه‌و لايه‌نانه.
بارزانى: سه‌باره‌ت به ئێمه ئه‌و رێكخراوه‌ى كه له‌هه‌موويان ئيعتبارى زياتره و ئه‌مينتره، خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تييه، سه‌رۆكه‌كه‌يان پێشى هه‌فته‌يه‌ك هات بۆ هه‌رێمى كوردستان، ئه‌وان زۆر زۆر مه‌منون و زۆر رازين له ره‌فتارى هه‌رێمى كوردستان زۆريش په‌سه‌ندى ره‌فتارى ده‌سه‌ڵاتى ده‌زگا ئه‌منييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانيان كردووه، به‌نسبه‌تى ئێمه شه‌هاده‌تى ئه‌وان شه‌رته، خه‌ڵكى تريش هه‌ندێكجار لايه‌نگرن هه‌ندێكيش مغريزانه ته‌قرير ئه‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى به‌لاى ئێمه‌وه مه‌به‌سته رێكخراوى خاچى سووره، ئه‌ويش زۆر زۆر هه‌ڵوێستيان ئيجابييه‌و زۆر زۆر رازين له هه‌رێمى كوردستان.
پرسيار: خه‌ڵكى كوردستان زۆر به‌تامه‌زۆر ئه‌و كاته‌ى كه سه‌ردانى ئه‌وروپا ده‌كه‌ن به‌تايبه‌ت كاتێك له‌م كۆڕبه‌نده گرنگانه‌ى جيهان به‌شدار ده‌بن، هه‌ميشه حه‌ز ده‌كه‌ن بزانن به‌ڕێزتان به چ ئومێدێكه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه كوردستان و چيان پێ ده‌ڵێن چونكه بارودۆخه‌كه ئه‌وه‌نده ناخۆشه له‌كوردستان ئومێديان به به‌ڕێزتانه.
بارزانى: ده‌زانى چۆنه، ئه‌وه‌ى پێم كرابێت من كردوومه، ئه‌وه‌ى پێشم بكرێت ده‌يكه‌م، به‌ڵام من عصاى سه‌حريم پێ نييه، پێويسته ته‌وقعاتيش له جێگاى خۆى بێت، ئه‌گه‌ر پێم كرابا زۆر شتم ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌مان پێكراوه له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر من سه‌فه‌رێكم بكه‌م يه‌كسه‌ر ته‌وقوعاتى ئه‌وه بكه‌ن من ده‌چمه‌وه گۆڕانێكى بنه‌ڕه‌تى له‌هه‌موو شتێك رووده‌دات، پێويسته تۆزێك واقيعى بين.
پرسيار: ئێستا كه ديپلۆماسيه‌تى هه‌رێمى كوردستان رووى له سه‌ركه‌وتنه و وه‌ك سه‌رۆكى ده‌وڵه‌تێك پێشوازى له به‌ڕێزتان ده‌كرێت، هه‌ندێك لايه‌ن له عێراق له هه‌وڵى له‌باربردنى ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ن ئايا توانيويانه سه‌ركه‌وتوو بن له‌و هه‌وڵانه‌يان..
بارزانى: به‌داخه‌وه نه‌ك هه‌ندێك لايه‌نى عه‌ره‌بى عێراقى، به‌ڵكو هه‌ندێك كورديش تێكه‌ڵ بوونه له‌و هه‌وڵانه. به‌ڵام سوپاس بۆ خوا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوونه و سه‌ركه‌وتووش نابن.
پرسيار: له سه‌ردانى بۆ تاران مالكى داوايكردووه پێشمه‌رگه بكشێته‌وه..
بارزانى: مالكى با بۆخۆى هه‌ر بڵێت، پێشمه‌رگه نه به قسه‌ى مالكى ده‌كشێته‌وه و نه كه‌سيش ده‌توانێت پێشمه‌رگه ئيجبار بكات بكشێته‌وه له‌و شوێنانه‌ى پێويسته لێى بێت و ئێمه هه‌ماهه‌نگيمان هه‌يه له‌گه‌ڵ عه‌بادى و سوپا و ئه‌مريكا و خه‌ڵكى ديكه‌ش چى ده‌ڵێن با بۆخۆيان بيڵێن.
پرسيار: له‌سه‌ر داهاتووى مووسڵ ئێستاش ترسى نه‌بوونى رێككه‌وتن هه‌يه..
بارزانى: راى من وابوو، رێككه‌وتنێكيش هه‌بێت بۆ دواى رزگاركردنى مووسڵ، به‌ڵام لايه‌نه‌كانى ديكه دياره په‌له‌يان بووه. رێككه‌وتنه‌كه ئه‌وه‌يه ليژنه‌ى هاوبه‌ش له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌بێت و هه‌ر شتێك روويدا چاره‌سه‌ر بكرێت و پلانه‌كه زۆر به رێكوپێكى به‌ڕێوه ده‌چێت و ته‌نانه‌ت پێنج خوله‌ك به‌ر له‌وه‌ى بێمه ئێره هه‌واڵ هات كه قه‌زاى تلكێفيش به ته‌واوى رزگار كراوه. ئه‌مه سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ن و به بێ هاوكارى پێشمه‌رگه نه‌ده‌كرا.
پرسيار: ئايا پێشمه‌رگه بۆ شه‌ڕى داعش ده‌نێردرێته ده‌ره‌وه‌ى سنوورى هه‌رێمى كوردستان..
بارزانى: ئاسان نييه، پێشمه‌رگه بنێرينه ده‌ره‌وه و زه‌حمه‌ته.
پرسيار: له باره‌ى مووسڵه‌وه ده‌وترێت دواى رزگاركردنى مووسڵ عێراق رووبه‌ڕووى زۆر قه‌يرانى ديكه ده‌بێته‌وه..
بارزانى: عێراق له زۆر رووه‌وه رووبه‌ڕووى قه‌يران بووه‌ته‌وه. قه‌يرانى زۆر زۆره و ئێستا ته‌ركيز له‌سه‌ر شه‌ڕى مووسڵه و ته‌نسيقى ئێمه‌ش هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌يه و ئه‌وى ديكه هه‌موو قه‌يرانه و له دووه‌م رۆژى ساڵى نوێ‌دا سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا و پاشانيش سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا هات و چووينه نزيكه‌ى 10 تا 12 كيلۆمه‌تر له دوورى داعش و ئه‌وه بۆ ئێمه گرنگ بوو و جێى ته‌قدير بوو و ده‌ليلى بايه‌خپێدانيانه به پێشمه‌رگه و هه‌رێمى كوردستان.
پرسيار: چۆن ده‌توانرێت رووبه‌ڕووى ئايدۆلۆژياى داعش ببينه‌وه..
بارزانى: پێويسته به هاوبه‌شى و له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌غدا و نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان هاوكارى هه‌بێت و هێشتا شه‌ڕيش ته‌واو نه‌بووه و پێويسته بزانين چى رووده‌دات و ئێمه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ين بۆ ئه‌وه‌ى رۆڵێكى ئيجابى بگێڕين بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان و ره‌نگه شه‌ڕه‌كه له‌و به‌رى ديجله سه‌ختتريش بێت.
پرسيار: له باره‌ى مانه‌وه‌ى په‌كه‌كه له شنگال چاره‌سه‌ر چييه و چۆن وابكرێت به ئاشتى په‌كه‌كه له شنگال نه‌مێنێت..
بارزانى: خۆتان ده‌زانن كاتێك پێويست بوو پێشمه‌رگه بچن چوونه كوبانێ و هه‌موو دنياش ده‌زانێت پێشمه‌رگه نه‌يهێشت كوبانێ بكه‌وێت و رۆڵى خۆيان بينى و كه ئيشه‌كه‌يان ته‌واو كرد، پێشمه‌رگه‌مان كشانده‌وه و په‌كه‌كه‌ش ده‌بێت هه‌مان شت بكات و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش خه‌ڵكى شنگال ده‌بێت خۆيان بڕيار بده‌ن و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان بۆ ره‌خساندوون و خۆيان هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و چۆنيان پێ خۆشه ئێمه پشتگيريان ده‌كه‌ين و ده‌بێت هه‌موو لايه‌نێكيش رێزيان لێبگرێت. رێگه‌ش به په‌كه‌كه ناده‌ين ئه‌وان بێن سيغه‌يه‌كى موعه‌يه‌ن به‌سه‌ر شنگالدا بسه‌پێنن و ده‌بێت خه‌ڵكى شنگال خۆيان بڕيار بده‌ن.
پرسيار: هه‌ندێك هه‌وڵ هه‌يه له به‌غدا بۆ سه‌پاندنى زۆرينه له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌بێت چى بكرێت..
بارزانى: به‌داخه‌وه ئه‌وانه ده‌ستوور ناخوێنێته‌وه يان له بيريان ده‌چێته‌وه، له ده‌ستووردا هاتووه مانه‌وه‌ى عێراق به يه‌كپارچه‌يى مه‌رجى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌يه پابه‌ندى ئه‌م ده‌ستووره بن و زۆر له مێژه ئه‌و ده‌ستووره فڕێ دراوه و ئيلتيزام و ئيشى پێ نه‌كراوه و مه‌ترسيدارترين شتيش ئه‌وه‌يه ئێستا بانگه‌واز بۆ زۆرينه ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا ئێمه هه‌ميشه ژماره‌مان كه‌متره.
ئێمه له په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر بوو به ده‌نگدان هه‌ميشه ئێمه دۆڕاووين و له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه ئێمه به‌شدار بووين و هه‌موو شتێكمان كرد كه مه‌بده‌ئى ته‌وافق ئه‌وه‌ى عيلاقه‌ى به كورده‌وه‌يه نابێت به ده‌نگى زۆرينه و كه‌مينه فه‌رز بكرێت و به‌داخه‌وه ئێستا په‌نايان بردووه‌ته به‌ر ئه‌و كاره و به‌داخه‌وه هه‌ندێك كورديش چوونه‌ته پاڵييان كه خۆيان قه‌برى خۆيان هه‌ڵكۆڵيوه و به هيچ شێوه‌يه‌ك ئه‌مه قابيلى قبوڵ نييه و ئێمه زۆر به جدى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌وه‌ستين و مومكينه بڕيارى زۆر گه‌وره‌ش بده‌ين و ئه‌سڵه‌ن مبرر نه‌ماوه بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدار بين له‌و په‌رله‌مانه و به‌ڵام با بزانيين جارێ و له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كانى ديكه‌ش قسه ده‌كه‌ين و ئه‌مه بابه‌تێكه بڕياردان له پرس و بابه‌تێك كه چاره‌نووس و له‌و بابه‌تانه‌ى عيلاقه‌يان به هه‌رێمى كوردستانه‌وه هه‌يه موسته‌حيله قبوڵى بكه‌ين.
پرسيار: ئێستا هه‌ندێك پرسى ناوخۆيى ده‌برێته په‌رله‌مانى عێراق..
بارزانى: نه رێگه ده‌ده‌ين و نه قابيلى قبوڵيشه و نه سه‌ريش ده‌گرێت و به مشوه‌ره‌ت له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كانى ديكه بڕيارى پێويست ده‌ده‌ين.
پرسيار: له باره‌ى چاره‌سه‌رى قه‌يرانى دارايى هه‌رێمى كوردستانه‌وه بۆچوونى به‌ڕێزتان چييه..
بارزانى: ماقووڵ نييه كه‌سێك وا تصور بكات ئيمكانيه‌ت هه‌يه و ئه‌و قه‌يرانه به‌رده‌وامه، ئاشكرايه، ئێمه تووشى شه‌ڕى داعش بووينه و شه‌ڕى داعش زۆر به خه‌رجييه و وه‌ره له ناو شه‌ڕدا له رووى ماددى لێكى بده‌ره‌وه و 1050 كليۆمه‌تره و ئيهمالى بكه‌يت داعش زيانت پێ ده‌گه‌يه‌نێت و ده‌بێت ئيمكانيه‌تى بۆ دابين بكه‌يت و هێڵى به‌رگرى به‌هێز بكه‌يت. بودجه بڕاوه و ئێمه دواى بودجه بڕين نه‌وتمان ره‌وانه كرد و دابه‌زينى نرخى نه‌وت و مليۆنێك و 800 هه‌زار ئاواره هه‌مووى تێچووى هه‌يه و ئه‌و سيستمه نا مۆفه‌قه‌ى ئيدارى ئێمه و ئه‌و گه‌نده‌ڵييه‌ى هه‌يه هۆكار بوون و له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر 600 مليار دۆلارمان هه‌بوايه وه‌ك ئه‌وه‌ى ده‌وترێت 600 مليار دۆلارى هه‌يه، له كاتێكدا هه‌موو بودجه‌ى عێراق له 10 پازده ساڵى رابردوودا 600 مليار دۆلار نه‌بووه و كێ بڕوا به‌وه ده‌كات، هه‌ر كه‌سێك عه‌قڵ به‌كاربهێنێت بڕوا به‌وه ناكات. هه‌موو هه‌وڵێك ده‌خه‌ينه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كێشه‌يه چاره‌سه‌ر بكرێت و زۆر ناخۆشى ده‌بينين كه ده‌بينم ميله‌تى ئێمه زه‌حمه‌ت ده‌كێشێت و منداڵ و بچووكيى گه‌له‌كه‌مان ئه‌سته‌م ببينن و كه‌ره‌م بكه‌ن هه‌موو حزب و هه‌موو لايه‌ك پاره ئه‌وه‌نده‌يه و ئيداره‌ى پێ بكه‌ن. هه‌ڵمه‌تێكى پڕوپاگه‌نده‌ى زاڵمانه هه‌يه و ته‌حريز هه‌يه و پێويسته خه‌ڵكى ئێمه مولاحه‌زه‌ى ئه‌م وه‌زعه بكات و هه‌وڵه‌كانيش به‌رده‌وامن و هه‌موو هه‌وڵێكيش ده‌ده‌ين ئه‌و قه‌يرانه چاره‌سه‌ر بكرێت.
داڕشتنه‌وه‌ى: ماڵپه‌ڕى كوردستان24