خەڵکی مووسڵ ئاھەنگ دەگێڕن
"داعش سەدان ساڵ ئێمهی گەڕاندهوە دواوە"
K24 - مووسڵ:
خەڵکی مووسڵ بەبۆنەی رزگاربوونیان لە داعش ئاھەنگ و خۆشیی دەگێڕن, ئەوان سەردەمی حوکمی داعش بە زیندانییەك وەسفدەکەن و دەڵێن: "داعش سەدان ساڵ ئێمهی گەڕاندهوە دواوە".
ئومێدیشیان بە داھاتوو ھەیە کە ئەو ناخۆشییانەی بینیویانە ئیدی ناگەڕێتەوەو دەبێتە بەشێک لە رابردوویان.
تەنانەت منداڵانیش لە یاساو کۆت و بەندەکانی داعش تووڕەن , ئەوان بە بەردبارانکردن و تێگرتنی پێڵاوەکانییان بەشداربوون لە کۆتای پێھێنانی دەسەڵاتی داعش لە موسڵ.
ئەو ناوچانەی ئازادکراون ئێستا ژیانی بۆ گەڕاوەتەوە , لە کاتی گەڕانمان بە چەند شوێن و بازاڕێکی شارەکەدا, ئەوەمان بەدیکرد خەمی گەورەی خەڵکی مووسڵ لەم کاتەدا تەنیا دابینکردنی بژێوی ژیانە , ئەوان بەھەموو ناخۆشییەکانی ئێستا رازین و ئومێدیشییان بەداھاتوو ھەیە کە ژیان ئاسایی دەبێتەوەو ئەوەی روویداوە دەبێتە بەشێک لە رابردوویان..
لە بەشێکی دیکەی گەڕەکەکاندا خەڵک ئاھەنگ دەگێڕن, ئاھەنگی ئەوان بە بۆنەی کۆتایی ھاتنی خەلافەتەکەی بەغدادییە.
لەماوەی دوو ساڵ و نیوی حوکمی داعش ماڵ وەکوو زیندانییەک بۆ ژنان دیاریکرابوو, بەڵام ئێستا بەئازادی لەدەرەوەی ماڵ بەشداری لە ئاھەنگ و خۆشییەکان دەکەن.