مەسرور بارزانی نەخشەرێگای چارەسەركردنی پرسەكانی ھەرێمی بۆ یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان خستەڕوو

پێداگریان لەسەر گرنگیی هاوهەڵویستی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانی هەریمی کوردستان كرد بۆ ئەوەی هەرێم بە یەکڕیزی و هێزی زیاترەوە رووبەڕووی هەر ئەگەر و پێشهاتێک ببێتەوە

K24  - ھەولێر

مەسرور بارزانی پرسی سەربەخۆیی کوردستانی وەک ویستی هاوبەشی گشت لایەنەکان و فاکتەری یەکڕیزیی سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی هەرێم وەك نەخشەرێگای ئەم پرسە لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا بۆ ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان خستەڕوو.

مەسرور بارزانی بە یاوەری کاکەمین نەجار ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و ئەحمەد کانی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سەڵاحەددین بەهائەددین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کۆبوونەوە.

دوایین ڕەوشی هەرێم و ناوچەکە و ئەگەرەکانی دوای شەڕی تیرۆریستانی داعش تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەكە بوو.

ھەردوولا پێداگریان لەسەر گرنگیی هاوهەڵویستی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانی هەریمی کوردستان كرد بۆ ئەوەی هەرێم بە یەکڕیزی و هێزی زیاترەوە رووبەڕووی هەر ئەگەر و پێشهاتێک ببێتەوە.

 

ھەروەھا تیشكیان خستە سەر دوایین پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەری پرسە سیاسییە ناوخۆییەکان و پێداگرییان لەسەر گرتنەبەری گیانی لە خۆبوردەیی و هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی کرد لە پێناو لابردنی کۆسپ و تەگەرەکان و گەیشتن بە چارەسەرێک، کە بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیانی کوردستان تیایدا لە سەرەوەی هەموو پرسێک بێت.

هەر لەم دیدارەدا هەر دوولا کۆک بوون لە سەر ئەوەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بە یەکهەڵوێستی و بە شاندی هاوبەش بەشداریی لە گفتوگانی نێوان هەرێم و بەغدا بکەن، تاکو بە دیالۆگ و شێوازێکی ئاشتیانە چارەنووسی پەیوەندیی داهاتووی نێوان هەرێم و بەغدا یەکلا بکرێتەوە.