جۆن دۆريان: شه‌ڕى به‌شى رۆژئاواى مووسڵ سه‌خت ده‌بێت

: هێزه‌كانى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى داعش به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هاوكاريكردنى هێزه‌ عێراقييه‌كان

K24 – هه‌ولێر:

جۆن دۆريان، گوته‌بێژى هێزى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى داعش له‌ ميانى لێدوانێكى تايبه‌تى بۆ كوردستان 24 رايگه‌ياند، شه‌ڕى به‌شى رۆژئاواى مووسڵ دژوار و سه‌خت ده‌بێت.

جۆن دۆريان گوتى: به‌ هۆى ئه‌وه‌ى ژماره‌يه‌كى زۆريى هاووڵاتيانى مه‌ده‌نى له‌ رۆژئاواى شاره‌كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و گه‌ڕه‌كه‌كانى زۆرن و چه‌كدارانى داعش خۆيان له‌ ناو مه‌ده‌نييه‌كان قايم كردووه‌، شه‌ڕى ئه‌و به‌شه‌ى مووسڵ ئه‌سته‌متر ده‌بێت.

هه‌روه‌ها گوتى: هێزه‌كانى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى داعش به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هاوكاريكردنى هێزه‌ عێراقييه‌كان بۆ له‌ناوبردنى چه‌كدارانى داعش و رزگاركردنى يه‌كجاره‌كى شارى مووسڵ.

روونيشيكرده‌وه‌، ئه‌وان تا ئێستا هيچ فه‌رمانێكى نوێيان له‌ ئيداره‌ى دۆناڵد ترامپه‌وه‌ پێ نه‌گه‌يشتووه‌، بۆيه‌ وه‌ك رابردوو به‌رده‌وام ده‌بن له‌ ئه‌نجامدانى ئه‌ركه‌كانيان.

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌كرد، هێرشى سه‌ر به‌شى رۆژئاوا له‌ لايه‌ن هێزه‌ عێراقييه‌كانه‌وه‌ كاتى ديارى ده‌كرێت و ئه‌وان ته‌نيا هاوكار و پشتيوانى هێزه‌ عێراقييه‌كان ده‌ن.