ئاڵوگۆڕی لە پۆستی قایمقامی سلێمانی و ھەڵەبجە دواخرا

بڕیاربوو سبەی یەكێتی و گۆڕان ئاڵوگۆڕی لە پۆستی قایمقامی سلێمانی و ھەڵەبجە بكەن

K24 - سلێمانی

دالیا كەمال پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "بڕیاربوو سبەی گۆڕانكاری لە پۆستی قایمقامی سلێمانی و ھەڵەبجە لە نێوان یەكێتی و گۆڕاندا بكرێت، بەڵام بەھۆی چەند گرفتێكەوە دواخرا".

بەختیار عەبدولرەحمان قایمقامی سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "ئاگاداریان كردوینەتەوە لە چوارچێوەی رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان پۆستەكانی قایمقامی ناوەندی سلێمانی و ھەڵەبجە ئاڵوگۆڕ دەكرێن، بەپێی رێككەوتنەكە قایمقامی سلێمانی دەدرێت بە یەكێتی و ھەڵەبجەش بۆ گۆڕان، بەڵام رێكارە یاساییەكان تەواو نەبوونە".

روونیكردەوە: "ھەردوو پۆستەكە بەیەكەوە بەستراونەتەوە، كاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی قایمقامی ھەڵەبجە  پێشتر بەڕێوەبەری ناحییە بووە، ھێشتا فەرمانی بە قایمقامبوونی دەرنەچووە".

بە گوێرەی زانیارییەكان ئاوات محەمەد قایمقامی پێشووی سلێمانی جارێكی دیكە لە پشكی یەكێتی پۆستی قایمقامی سلێمانی پێدەسپێردرێتەوە، بەڵام كاندیدی گۆڕان بۆ قایمقامی ھەڵەبجە تا ئێستا ئاشكرا نەكراوە.

لە 17/5/2016، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رێككەوتننامەیان واژووكرد، بەپێی رێككەوتننامەكە پۆستە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە لەنێوان ھەردوولادا ئاڵوگۆڕ دەكرێن.