ژماره‌یه‌ك گه‌نجى به‌شدار له خۆپیشاندانه‌كانی 17 شوباتى سلیمانى له سوريا كوژراون
به ڤیدیۆ.. سۆران عومه‌ر ستاییشیان ده‌كات و ده‌ڵێت: ناوی زۆرێكیانم لایه
K24 - هه‌ولێر:
سۆران عومه‌ر، په‌رله‌مانتاری كوردستان له فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، ستاييش و په‌سنی ئه‌و گه‌نجانه ده‌كات، كه له سووریا له ریزی رێكخراوه ئیسلامییه‌كان كوژران و به‌شێك له‌و رێكخراوانه‌ش، ناوییان له لیستی تیرۆرى نێوده‌وڵه‌تیدایه.
سۆران عومه‌ر، سه‌رۆكی لێژنه‌ی مافی مرۆڤ له په‌رله‌مانی كوردستان، له یه‌كێك له دانیشتنه‌كانی یادكردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوباتی 2011، باسی به‌شێك له‌و گه‌نجانه ده‌كات كه به‌شدارییان له خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوبات و رۆژانی دواییدا كرد و ده‌ڵێت: "به‌شێك له‌و گه‌نجانه‌ی كه له سووریا كوژران، ره‌نگه ئه‌وه تازه‌بێت بگوترێت، به‌ڵام چه‌ندین گه‌نجییان له خۆپیشانده‌رانی سه‌را بوون، گه‌نجی بوێر و ئازا و دياربوون, ئاماده‌بوون به‌رامبه‌ر به سته‌مكاری بووه‌ستنه‌وه و له‌وێ بوون، ناوى زۆرێك له‌و گه‌نجانه‌شم لایه، كه دواتر ئه‌وانه‌ن له سووریا دژ به رژێمێكی دیكتاتۆری وه‌ك به‌شار چوون و واقیعێكه له‌وێ نامه‌وێ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م".
گرته ڤیدیۆكه پێده‌چێت هی پێشووتر بووبێت، به‌ڵام جارێكی دیكه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه تێیدا سۆران عومه‌ر، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له شێركۆ فاتیح، په‌رله‌مانتاری كوردستان له فراكسیۆنی گۆڕان و موسه‌ننا ئه‌مین، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی یه‌كگرتوو باس له خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوبات و رۆژانی دوایی ده‌كه‌ن.
به‌شێك له گه‌نجانی كورد له ریزی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كانی سووریادا هه‌ن، كه له دژی به‌شار ئه‌سه‌د شه‌ڕ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تیش به‌ره‌ی فه‌تحولشام "به‌ره‌ی نوسره‌ی پێشوو" و كه‌تیبه‌یه‌كی تایبه‌تییان به‌ناوی "كه‌تیبه الاكراد" پێكهێناوه، به هه‌مان شێوه گه‌نجانی كورد له ریزی چه‌كدارانی داعشیشدا هه‌ن.