ئه‌حمه‌د تورك: ئومێدمان به‌ هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك بارزانى هه‌يه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئاشتى

پێويسته‌ پرسى كورد به‌ ئاشتى چاره‌سه‌ر بكرێت

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى شاره‌دارى مێردين ئه‌حمه‌د تورك، له‌ دواى ئازادبوونى له‌ زيندان له‌ يه‌كه‌م ديدارى بۆ كوردستان 24 رايگه‌ياند، پێويسته‌ پرسى كورد به‌ ئاشتى چاره‌سه‌ر بكرێت و له‌و رێگه‌يه‌شدا ئومێدمان به‌ هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆكى كوردان، مه‌سعود بارزانييه‌.

ئه‌حمه‌د تورك له‌ 21ى تشرينى دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌رى 2016 له‌ لايه‌ن هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى توركياوه‌ ده‌ستگيركرا و دوێنێ هه‌ينى 3ى شوبات/ فێبرايه‌رى 2017 به‌ هۆى خراپى ره‌وشى ته‌ندرووستييه‌وه‌ ئازاد كرا.

له‌ يه‌كه‌م ديدارى ميدياييدا، ئه‌حمه‌د تورك به‌شدارى له‌ به‌رنامه‌ى باسى رۆژى كوردستان 24 كرد و گوتى: "به‌رى هه‌ر شت سڵاو و رێز بۆ گه‌لى كوردستانى باشوور، گه‌له‌كى كه‌يف خۆشم له‌ رێى كوردستان 24ه‌وه‌ ده‌نگى خۆم بگه‌يه‌نمه‌ گه‌لى كورد".

له‌ باره‌ى پرسى كورده‌وه‌، ئه‌حمه‌د تورك گوتى: "له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا پرسگه‌رى كورد به‌ بێ چاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه‌ و داواكارم و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌م ئه‌و پرسه‌ به‌ ئاشتى چاره‌سه‌ر بكرێت".

گوتيشى: "ئه‌مڕۆش ده‌ڵێم گه‌لى كورد و تورك هه‌زار ساڵه‌ به‌يه‌كه‌وه‌ به‌ ئاشتى و دۆستايه‌تى ژياون، به‌ڵام سياسه‌تى ئه‌مڕۆ دێته‌ جێبه‌جێكردن له‌سه‌ر ناسنامه‌ و زمانى گه‌لى كورد، ئاسته‌نگى و ئاڵۆزى درووستكردووه‌ و سياسه‌تێكى توند دژى كورد په‌يڕه‌وده‌كرێت".

روونيشيكرده‌وه‌، "ئه‌مڕۆ له‌ باشوورى كوردستان سيستمێكى كورديى هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ دۆستايه‌تى گه‌لى توركى ده‌وێت و له‌ باكوور و رۆژئاواش به‌ هه‌مان شێوه‌ كورد دۆستايه‌تى و ئاشتيى ده‌وێت. پێويسته‌ پرسى كورد به‌ عه‌قڵێكى كراوه‌ و به‌ ئاشتى بێته‌ چاره‌سه‌ر كردن".

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، له‌ توركيا له ساڵه‌كانى‌ 1980 و 1992 و 1993 و 1994 سياسه‌تێكى پڕ ناهه‌موارى دژى كورد جێبه‌جێكراوه‌.

هه‌روه‌ها گوتى: "گه‌له‌ك شت له‌ پێش ئێمه‌ هه‌ن چاره‌سه‌ريان بكه‌ين، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ ئاشتى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ين، ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتدارانى تورك به‌ عه‌قڵێكى كراوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسى كورد ناكه‌ن و ئێمه‌ به‌ سياسه‌تى ديموكراتى و عه‌قڵ و لۆژيك ده‌مانه‌وێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن. حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تى تورك ژ بۆ مافى گه‌لى كورد چى ده‌كات".

سه‌باره‌ت به‌ سياسه‌تى لايه‌نه‌ كوردييه‌كان له‌ باره‌ى چاره‌سه‌رى پرسى كورده‌وه‌ له‌ باكوورى كوردستان، ئه‌حمه‌د تورك گوتى: "كێماسى هه‌بوون و سياسه‌تا ئاليا كوردان نه‌درووست بوو، حكومه‌تى توركيش خواست پێڤاژۆى ئاشتى له‌ بار به‌رن، پێويست بوو ئێمه‌ش ئه‌و بيانووه‌ نه‌ده‌ين و كێماسى مه‌زن له‌ لايه‌ن ئێمه‌شه‌وه‌ هه‌بوو. له‌ ناو سياسه‌تى كورداندا پێويسته‌ فيكر و رامان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ كه‌م بكه‌ين، ئێمه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا نه‌ته‌وه‌يه‌كى مه‌زنين و ناكرێت چيديكه بێ رۆڵ بمێنينه‌وه‌ و ده‌بێت هه‌ڵه‌ى خۆمان ديار بكه‌ين و چاره‌سه‌ريان بكه‌ين و ئێستا ئێمه‌ ده‌بێت بزانين دراوسێكانى ئێمه‌ دڵنيا بنه‌وه‌ لێمان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين بگه‌ينه‌ ئاشتى".

هه‌روه‌ها گوتى: "جارێكى ديكه‌ دووپاتيده‌كه‌مه‌وه‌، گه‌لى كورد نه‌ بۆ فارس و نه‌ بۆ عه‌ره‌ب و نه‌ بۆ تورك دوژمن نييه‌ و دۆستى ئه‌وانه‌ و به‌يه‌كه‌وه‌ ده‌توانين سياسه‌تێكه‌ ئاشتيانه‌ پراكتيك بكه‌ين".

روونيشيكرده‌وه‌، "له‌ توركيا هه‌تا ده‌رفه‌تمان هه‌بێت و بوار بده‌ن ئێمه‌ جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌رى ئاشتييانه‌ى پرسى كورد ده‌كه‌ينه‌وه‌ و زۆر توركيش له‌و باره‌يه‌وه‌ هاوڕاى ئێمه‌ن".

سه‌رۆكى شاره‌دارى مێردين گوتيشى: "راستيى ئه‌مڕۆ ده‌بينين هاوسه‌رۆكان و په‌رله‌مانتارانى كورد له‌ زينداندان و 70 سه‌رۆك و شاره‌دارى كورد له‌ زينداندان و ئه‌مڕۆ ره‌وش و زرووف هه‌موار نييه‌ و گه‌له‌ك ساسه‌تمه‌دار و ئه‌كاديميان و شاره‌زايان له‌ زينداندان و ئێمه‌ هێشتا رێى ئاشتيمان هه‌موار نه‌كردووه‌ و رۆژ له‌ دواى رۆژ پشتيوانى رێبازى چاره‌سه‌رى ئاشتيانه‌ له‌ ناو توركه‌كانيش زياتر ده‌بێت".

ئه‌حمه‌د تورك گوتيشى: "راستى ئێمه‌ خۆمان نه‌خه‌ڵه‌تێنين، كاتێك باسى مافى كورد ده‌كرێت، سياسه‌تێكى ديكه‌ په‌يڕه‌و ده‌كرێت، كاتێك له‌ رۆژئاوا و له‌ كوبانێ كورد شتێك به‌ده‌ستده‌هێنێت، سياسه‌ت له‌ دژيان ده‌گيرێته‌ به‌ر، ئێمه‌ خۆمان نه‌خه‌ڵه‌تێنين، لێگه‌ڕيين ئێمه‌ حه‌قيقه‌ت ببينين و گه‌لى ئێمه‌ مافى چييه‌ و پێويسته‌ ئێمه‌ بڕيار بده‌ين و يه‌كێتى خۆمان بهێنينه‌ دى ئينجا بتوانين له‌گه‌ڵ حكومه‌ت قسه‌ بكه‌ين. ئه‌مڕۆ ميله‌تى كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا چ مافێكى هه‌بێت و كێ پشتيوانى ده‌كات و چۆن سه‌يرى ده‌كرێت، ئێمه‌ له‌ هه‌ر كه‌س زياتر ئاشتيمان ده‌وێت. شه‌ڕى چه‌كدارى له‌ رۆژه‌ڤ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ خواستى ئێمه‌ نييه‌ و ناكرێت له‌وه‌ زياتر خۆمان بخه‌ڵه‌تێنين".

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى شاره‌دارى مێردين گوتى: "به‌ڵێ ئه‌مڕۆ ئاڵۆزى هه‌يه‌، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكى هێژا كاك مه‌سعود ده‌يه‌وێت بۆ هێنانه‌دى ئاشتى خه‌بات بكات و كار بكات، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكى گه‌لى كورده‌ و له‌سه‌ر پاشه‌ڕۆژى گه‌لى كورد هه‌وڵده‌دات و رۆژ به‌ رۆژ بێ باوه‌ڕى گه‌وره‌تر ده‌بێت و سه‌رۆكى كوردان ده‌بێت بۆ ئاشتى و برايه‌تى گه‌لان خه‌باتێكى هێژا بكات و رۆڵى خۆى بگێڕێت".

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، "ئێمه‌ هيواى ئاشتيمان هه‌يه‌ و له‌ خه‌باتى خۆمان به‌رده‌وام ده‌بين و هيواى خۆمان گه‌وره‌ ده‌كه‌ين و له‌ سياسه‌تى خۆمان مكوڕين".

له‌ كۆتايى به‌شداريكردنى له‌ به‌رنامه‌كه‌دا، ئه‌حمه‌د تورك، سياسه‌تمه‌دارى دێرينى باكوورى كوردستان گوتى: "زۆر سووپاسى كوردستان 24 ده‌كه‌م و له‌ رێى كوردستان 24ه‌وه‌ داواكارم هه‌موو پارته‌كانى باشوور و باكوور و سه‌رۆك بارزانى له‌ پێناو ئاشتييدا تێبكۆشن و ده‌خوازم سه‌رۆكى گه‌لى كورد سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى هه‌وڵه‌كانى خۆى بخاته‌گه‌ڕ بۆ هێنانه‌دى ئاشتى و پشتيوانيكردن له‌ پرسى كورد و به‌ديهێنانى ديموكراسى. من ئينسانێكى كوردم و ناتوانم رۆڵێكى گه‌وره‌ بگێڕم، به‌ڵام سه‌رۆكى كوردان باشتر ده‌توانێت ئه‌و رۆڵه‌ بگێڕێت بۆ هێنانه‌دى ئاشتى و جارێكى ديكه‌ سڵاو و حورمه‌تم بۆ باشوور و هه‌موو پارت و سياسه‌تمه‌داران".