مهسرور بارزانى: ئێمه بە زۆر کراوین بە عێراقی و بەھۆی عێراقیبوونەوە سزا دراوين
لەبارەی بڕیارەکەی ترەمپ بۆ راگرتنی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق رايگەیاند، کورد باجی عێراقیبوون دەدات
K24 – ههولێر:
مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی بڕیارەکەی ترەمپ بۆ راگرتنی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق رايگەیاند، کورد باجی عێراقیبوون دەدات و ئێمه بە زۆر کراوین بە عێراقی و بەھۆی عێراقیبوونەوە سزا دراوين.
ئەمە لێدوانی مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانە لەبارەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ راگرتنی پێدانی ڤیزا بە ھاووڵاتیانی عێراق و ٦ وڵاتی دیکەی زۆرینە موسڵمان.
وەک ئاماژەیەک بۆ ھەوڵ و ھەنگاوە بەردەوامەکان بۆ سەربەخۆیی کوردستان مەسرور بارزانی پێیوایە کورد بە مانەوەی لە عێراق سزادراوە و ئەو ھێزەی زۆرترین قوربانیداوه لە شەڕی تیرۆر و بەوتەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا نزیکترین ھاوپەیمانی ئەمریکایە باجی مانەوەی دەدات لە چوارچێوەی عێراق.
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش بە رۆژنامەی ئەلیکترۆنی بەزفیدی ئەمریکی راگەیاندووە: "پێشمەرگە تاکە ھێزە شەڕی داعش دەکات و ھێشتا لە ھەمان سەنگەر شانبەشانی ئەمریکا شەڕی ھەمان دوژمن دەکەین و پێموانیە شتێکی راست و دروست بێت دەوڵەتێک یان نەتەوەیەک باجی ھەڵەی چەند کەسێک بدات".

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش ھەر لەباەری بریارەکەی سەرۆکی ئەمریکاوە دەڵێ: "پێشمەرگە ھاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکایە لە شەڕی دژ بە داعش، پێمان ناخۆشە کە خراوەتە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ پێ نەدانی ڤیزا".
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ھەفتەی رابردوو بڕیاری رێگریکردن لە پێدانی ڤیزای بە ھاوڵاتیانی ٧ وڵاتی زۆرینە موسڵمان لەناویشیاندا عێراق دەرکرد.
لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ھێزی پێشمەرگە تاکە ھێزە کە زۆر ئازایانە شەڕی داعش دەکات و داوا دەکات وڵاتەکەی ھاوکاری و پاڵپشتی زیاتری کورد بکات. دەڵێ: ئێمە قەرزاری کوردین. چونکە له جیاتی ئێمە و ھەموو جیھانی ئازاد شەڕی تیرۆریستان دەکەن".
ھەرسەبارەت بە بڕیارەکە لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی کۆشکی سپی رایانگەیاند، بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا "رۆژنامەنوسان و دیپلۆماتکاران و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لەگەڵ سوپای ئەمریکا کاریان کردووە".
سەرۆکی ئەمریکا ھەر بەڵێنێکی دابێت لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیدا دەستی کردووە بە جێبەجێکردنیان، دۆناڵد ترەمپ لە بانگەشەکانیدا پاڵپشتی و ھاوکاری خۆی بۆ کورد دەربڕیووە.
کورد قوربانی خۆیدا و ئەو بەڵێنەی بەجێگەیاند کە بە ئەمریکا و جیھانی ئازادیدا لە تێکشاندنی تیرۆریستان و سەرکەوتن بەسەریاندا. ئێستا کورد و پێشمەرگە چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکا و دۆستەکانیەتی بۆ ھاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی لە ئامانجە گەوەکەی کە سەربەخۆیی کوردستانە.