ئەحمەد تورك: دەمانەوێت بە رێگەی ئاشتی و دیموكراتیانە كێشەی كورد چارەسەر بكەین
دوای ئازادبوونی لە زیندان بۆ كوردستان24 دەدوێت
K24 – ھەولێر
ئەحمەد تورك ھاوسەرۆكی لەكار دوورخراوەی شارەوانی گەورەی مێردین و سیاسەتمەداری دیاری كورد لە باكووری كوردستان، دوای ئازادبوونی لە زیندان بە كوردستان24 گوت: "ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر خەباتی خۆمان و دەمانەوێت بە رێگەی ئاشتی و دیموكراتیانە كێشەی كورد چارەسەر بكەین و مافی كورد بە دەست بێنین".
ئەحمەد تورك لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی كوردستان24، لەبارەی ھۆكاری دەستگیركردنی لەلایەن حكوومەتی توركیا رایگەیاند: "ھۆكارئەو سیاسەتەیە كە لە توركیا بەڕێوەدەچێت، لە ھەموو تەمەنی خۆمدا ھەوڵمداوە پرسی كورد بە رێگەی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت، بەڵام توركیا ئەمە ناخوازێت".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو سیاسەتەی ئێستا لە توركیا پەیڕەو دەكرێت نە دیموكراسیەت و نە كێشەی كورد بەرەو پێش نابات، كورد و تورك ھەزاران ساڵە پێكەوە دەژین، ئێمە دەمانەوێت بە رێگەی دیموكراتیانە كێشەی كورد چارەسەر بكەین، بەردەوام دەبین لە خەباتی خۆمان".
ئەحمەد تورك گوتیشی: "ئێمە نامانەوێت دووبەرەكی و جیاكاری لەنێوان گەلان دروست بێت، دەمانەوێت بە رێگەی دیموكراتی و ئاشتیانە بەردەوام بین لە خەباتی خۆمان، پێش ھەموو شت ئاشتی و یەكگرتنی كوردان گرنگە".
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا گوتی: "هیوادارم پڕۆسەی ئاشتەوایی لە باکووری کوردستان دەستپێبکاتەوە و هەوڵەکانی سەرۆك بارزانی بۆ ئەو مەبەستە سەرکەوتوو بێت".