ھەر ھەنگاوێكی دەمیرتاش بە تاوان ئەژمار كراوە
بەكارھێنانی وشەی "كوردستان" و "خۆ بەڕێوەبەری دیموكراتیك" وەك تاوان دژی دەمیرتاش بەكار ھێنراون

K24 - ھەولێر
داواكارانی گشتی توركیا ھەر ھەنگاو ھاویشتنێكی دەمیرتاشیان بە تاوان ئەژمار كردووە، بەكارھێنانی وشەی "كوردستان" و "خۆ بەڕێوەبەری دیموكراتیك" وەك تاوان دژی دەمیرتاش بەكار ھێنراون.
ھاوسەرۆكی گشتی ھەدپە سەڵاحەدین دەمیرتاش بە 15 گوتار بە بەڕێوەبردنی "پروپاگەندەی رێكخراوی تیرۆر" تۆمەتبار كراوە و دانیشتنی دادگا كە پێشبینی ئازادكردنی دەكرێت، بۆ دوای ریفراندۆم دواخراوە.
بە پێی ھەواڵێكی رۆژنامەی"جمھورییەت" داواكاری گشتی كۆماری توركیا ئامەد لە سكاڵانامەكەدا داوای 37 ساڵ و 10 مانگ تا 276.5 زیندانیكردنی دەمیرتاش كردووە.
لە سكاڵانامەی داواكاری گشتی باس لە 15 گوتاری دەمیرتاش كراوە كە بە ھۆیەوە بە بەڕێوەبردنی "پروپاگەندەی رێكخراوی تیرۆر" تۆمەتبار كراوە.
بەكارھێنانە وشەی "خۆبەڕێوەبەری دیموكراتیك" لە دروشمەكانی ھەدەپە و ھەروەھا بەكارھێنانی وشەی "كوردستان" وەك تاوان ئەژمار كراوە.
ئەو كاتەشی كە بە موڵەتی دەوڵەتی توركیا سەردانی قەندیلی كرد و وێنەكانی لەگەڵ سەركردەكانی پەكەكە بڵاو كرایەوە، وەك تاوان ئەژمار كراوە.
سهڵاحهددین دهمیرتاش و فیگەن یوكسوكداغ هاوسهرۆكەكانی ههدهپه رۆژی 4 تشرینی دووەمی 2016 لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیا دەستگیركران و دەمیرتاش بۆ بهندیخانهی شاری ئەدیرنە گواسترایهوە و تا ئێستا چەندین دانیشتنی دادگاكردنەكەی بەڕێوەچووە و لە داواترینیان داوای 142 ساڵ زیندانیكردنی كرا.
دەمیرتاش لە دانیشتنێكی دادگا لە كاتی بەرگری لە خۆی رایگەیاند ھەڵگرتنی پارێزبەندی بە بڕیاری ئەردۆغان بووە و ئەگەر دادوەر بڕیاری گرتنی منی نەیدابا، ئەوا بۆ خۆی دەگیرا.
دانیشتنی دادگاییكردنی دەمیرتاش بۆ رۆژی 7 نیسانی داھاتوو دوا خراوە.
دەستگیركردنی پەرلەمانتارانی ھەدەپە پاش ئەوەی ھات پەرلەمانی توركیا مانگی ئاداری 2016 پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی ھەڵگرت و بە ھۆیەوە 510 دۆسیە دژی 55 پەرلەمانتارانی ھەدەپە لە كۆی 59 پەرلەمانتار بۆ دادگا بەرزكرایەوە و بە 645 تاوانی جیاواز دادگایی كران و بە گشتی 18 زیندانی ھەتاھەتایی و 3126 ساڵ زیندانیكردن بۆیان داواكراوە.
تا ئێستا دژی 4 پەرلەمانتاری ھەدەپە ھیچ سكاڵایەك تۆمار نەكراوە، كە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ ھاوسەرۆكەكانی ھەدەپە و 10 پەرلەمانتاری دیكەی ئەم حزبە لە زینداندان.
JS