وەزیری بەرگری بەریتانیا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات

شەڕی دژی داعش و كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكات

K24 - ھەولێر

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتووە، بڕیارە ئەمڕۆ مایکڵ فالۆن، وەزیری بەرگری بەریتانیا بگاتە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

کوردستان24 زانیوویەتی کە مژاری سەرەکی سەردانەکەی وەزیری بەرگری بەریتانیا بۆ ھەولێر، شەڕی دژی داعش و ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵە.

ئەمە سێیەمین سەردانی مایکڵ فاڵۆن دەبێت بۆ کوردستان پێشتر لە ساڵانی 2014 و 2016، سەردانی ھەولێری کردووە و بەریتانیاش یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی و ژمارەیەک راوێژکاری سەربازی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە کە مەشق  و راھێنانیان بە ھێزی پێشمەرگە کردووە.