فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش: بەغدادی پێكراوە
ئاماژە بە برینداربوونی بەغدادی لە بۆردومانێكی كۆبوونەوەیەكی گرنگی داعش دەكات
.jpg)
K24 - ھەولێر
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق ئاماژە بە برینداربوونی ئەبوبەكر بەغدادی رێبەری رێكخراوی داعش لە بۆردومانێكی كۆبوونەوەیەكی گرنگی رێكخراوەكە لە قەزای قایم لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار دەكات، بێ ئەوەی برینداربوونی پشتڕاستی بكاتەوە.
گوتەبیژی ئۆپەراسیۆنەكە، عەمید یەحیا رەسوڵ رۆژی یەكشەممە 12 شوباتی 2017 رایگەیاند دەزگای ھەواڵگری عێراق بە وردی چاودێری جموجوڵی بەغدادی دەكات، كە ھێشتا برینداربوونی پشتڕاست نەكردووەتەوە.
دەشڵێت ھێرشی ھەوایی بە زانیاری وردی ھەواڵگری ئەنجامدراوە و بە ھۆیەوە ژمارەیەك خۆكوژ و "الانغماسيين" كوژراون، ئاماژەشی بەوەدا ئەگەر لە برینداربوونی بەغدادی دڵنیا بن بە فەرمی رادەگەینن.
لە لایەكی ترەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بێ ئاگایی خۆی لەمبارەوە رادەگەیەنێت و دەڵێت ھیچ زانیارییەكیان لەبارەی برینداربوونی بەغدادییان نییە.
لە ماوەكانی رابردوو چەندین جار ھەواڵی كوژران یان برینداربوونی بەغدادی لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق و سوریا بڵاو كرایەوە.
بەغدادی پاش ئەوەی چەكدارانی لە ساڵی 2014 دەستیان بەسەر موسڵ و ژمارەیەكی زۆری ناوچە سوننەكانی عێراق و سوریا گرت، خەلافەتی راگەیاند و خۆیشی بە خەلیفەی موسڵمانان ناساند.
JS