یەكێتی خۆی یەكلا دەكاتەوە

جارێكی دیكە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ تاوتوێكردنی نەخشە رێگاكەی كۆدەبێتەوە

K24 – ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی دیكە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی نەخشە رێگای بۆ كاركردن و مامەڵەكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆببێتەوە، خۆی لەبارەی ئەو چوار خاڵە یەكلا بكاتەوە كە لە ھەفتەی رابردوودا لەسەر رێك نەكەوتن.

بە گوێرەی زانیاری پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی، یەكێك لەو خاڵانەی كە بووەتە دوولەتكردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەبارەی نەخشە رێگاكە، پەیوەندی و رێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و رێككەوتنەكەی بزووتنەوەی گۆڕانە، بۆیە ئەمڕۆ یەكێتی دەیەوێت خۆیی یەكلایی بكاتەوە و دوا بڕیار بدات.

دوای ئاشتبوونەوەی باڵی ناوەندی بڕیار و باڵی دەستڕۆیشتوو، لە ماوەی مانگێكدا یەكێتی چەندین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەبێ جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی ھاوسەنگی حزبەكە رابگرن، بەڵام تا ئێستا دكتۆر بەرھەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی ئامادەی كۆبوونەوەكان نەبووە، ئەمەش وایكردووە كۆبوونەوەكانی یەكێتی بەلای زۆر لە كادیر و ئەندامانی ئەو حزبە دڵخۆشكەر نەبن.