جۆن كێری بۆ بارزانی: ھاوپەیمانێتی نێوان كوردستان و ئەمریكا بە پتەوی دەمێنێتەوە
"بەڕێزتان ھاوپەیمانێكی بەھێز و ھاوڕێیەكی جێگای متمانە بوون لە ھەمووئەو كاتە سەختانەی كە تێپەڕین"
K24 - ھەولێر
دوای كۆتایی ھاتنی ماوەی كاركردنی وەك وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە ئیدارەی باراك ئۆباما، جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، پەیامێك ئاراستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت: "ھاوپەیمانێتی نێوان كوردستان و ئەمریكا بە پتەوی دەمێنێتەوە، بەڕێزتان ھاوپەیمانێكی بەھێز و ھاوڕێیەكی جێگای متمانە بوون لە ھەموو ئەو كاتە سەختانەی كە تێپەڕین".
لە پەیامەكەی جۆن كێری بۆ سەرۆك بارزانی ھاتووە: "لە كاتێكدا خۆم ئامادە دەكەم بۆ جێھێشتنی پۆستەكەم، دەمەوێت ھەڵوەستەیەك بكەم بۆ چوار ساڵی كاركردنم وەك وەزیری دەرەوە و ئەو كەسایەتییە بێ وێنانەی چاوپێكەوتنم ھەبووە لەگەڵیان، بەڕێزتان ھاوپەیمانێكی بەھێز و ھاوڕێیەكی جێگای متمانە بوون لە ھەمووئەو كاتە سەختانەی كە تێپەڕین، ھێزەكانی پێشمەرگەی ئێوە زۆر ئازایانە جەنگان، بۆیە من قوربانییەكانی ھێزی پێشمەرگە و خەڵكی ھەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنم لە خەباتی بەردەوامیان بۆ لەناوبردنی داعش".
لە بەشێكی دیكەی نامەكەدا جۆن كێری دەڵێ: "پێزانینم ھەیە بۆ بەڕێزتان و خەڵكی كوردستان كە لە سەردەمی تاوانەكانی داعش، پێشوازیان كرد لە نزیكەی دوو ملیۆن پەنابەری سووری و ئاوارەی ناوخۆیی ناوچەكانی تری عێراق، پشگیری بەڕێزتان بۆ پێكھاتە نەتەوەیی و ئاینە جیاوازەكان یارمەتیدەر دەبێت لە بەدیھێنانی داھاتووی خۆشگوزەرانی بۆ ھەرێمی كوردستان".
لە كۆتایی پەیامەكەیدا بۆ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان جۆن كێری رایگەیاندووە: "پەیوەندی بەھێزی نێوان گەلی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرز دەنرخێنم و متمانەی تەواوم ھەیە كە ھاوپەیمانێتی ھەردوولا بە پتەوی دەمێنێتەوە. ھیوای ئاشتی و داھاتوویەكی خۆشگوزەران و سەركەوتن لە بەدیھێنانی ئاواتەكانتان بۆ بەڕێزتان دەخوازم".
