حكوومەتی توركیا: یەكەمجار نییە ئاڵا بۆ پێشوازی بارزانی ھەڵدەكەین
"لەگەڵ رێساکانی دیپلۆماسی گونجاوە"
K24 - ھەولێر
لەبارەی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە توركیا، بۆ پێشوازیكردنی لە مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، جێگری سەرۆک وەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا رایدەگەیەنێت، یەكەمجار نییە ئاڵا بۆ پێشوازی بارزانی ھەڵدەكەین و لەگەڵ رێساکانی دیپلۆماسی گونجاوە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نومان کورتوڵموش، لەبارەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەکاتی سەردانەکەی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا رایگەیاند: "ئەمە یەکەم جار نییە ئەم ئاڵایە ھەڵدەكرێت، لە ھەر سەردانێکی بەرێز بارزانی ئەو پەیڕەونامە دیپلۆماسییە ئەنجامدەدرێت، ئاڵای ھەرێمی کوردستان و ئاڵای عێراق و تورکیاش ھەڵواسراوە. لە سەردانەکەی پێشووتری بارزانیش ھەر بەم شێوەیە بووە، ئەم پەیڕەونامەیە گونجاوە لەگەڵ رێساکانی دیپلۆماسی".
رۆژی 26 شوباتی 2017 مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە توركیا و بە ھەڵكردنی ئاڵای كوردستانەوە پێشوازی لێكرا، ھەمان رۆژ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆبووەوە، رۆژی دواتر لە ئەنقەرە لەگەڵ بینالی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا كۆبووەوە.