هه‌ڵدانی ئاڵای كوردستان له‌ توركیا شۆڤینیسته‌ توركه‌كان تووڕه‌ده‌كات

"هه‌ڵدانی ئاڵای كوردستان له‌كاتێكدایه‌ ئه‌ردۆغان پێویستی به‌ ده‌نگی توركه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌"

K24 - هه‌ولێر:

هه‌ڵدانی ئاڵای كوردستان له‌ كاتى پێشوازیكردن له‌ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌تاتوركی شاری ئیستانبول و فڕۆكه‌خانه‌ی ئـێسین بوگا له‌ئه‌نقه‌ره‌، كاردانه‌وه‌ی جیاوازی له‌ ناوخۆی توركیا، به‌دوای خۆیدا هێناوه‌ و ئه‌م كاره‌ شۆڤینیسته‌ توركه‌كانی تووڕه‌كردووه‌.

لای خۆیه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت باهچه‌لی، سه‌رۆكی پارتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیا، هێرشێكی توندی كرده‌ سه‌ر ئاكپارتی و گوتی: "كێ رێگه‌ی به‌وه‌داوه‌ ئه‌و به‌ناو ئاڵایه‌ هه‌ڵبدرێت، به‌ راستی شه‌رمه‌زاری و سكانداڵێكی گه‌وره‌بوو".

ده‌وڵه‌ت باهچه‌لی، سه‌رۆكی پارتی نه‌ته‌وه‌ په‌رستی توركیا
ده‌وڵه‌ت باهچه‌لی، سه‌رۆكی پارتی نه‌ته‌وه‌ په‌رستی توركیا

ئه‌و هێرشانه‌ی باهچه‌لی بۆ سه‌ر ئاكپارتی له‌كاتێكدایه‌، ئه‌و دوو پارته‌ رێككه‌وتنێكیان هه‌یه‌ بۆ گۆڕینی ده‌ستووری توركیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، پێویستییه‌كی زۆری به‌ ده‌نگی توركه‌ توندڕه‌وه‌كان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ریفراندۆم و خستنه‌ ده‌نگدانی ده‌ستووری نوێ، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان كۆتایی پێ بێت.

وه‌ك سایتی حووڕییه‌ت ده‌یلی نیوزی توركی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، باهچه‌لی گوتوویه‌تی: "هه‌ڵدانی ئاڵای پێشمه‌رگه‌ شه‌رمه‌ و ئه‌م كاره‌ سووكایه‌تیكردنه‌ به‌ گه‌لی تورك".

بن عه‌لی یه‌ڵدریم، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا
بن عه‌لی یه‌ڵدریم، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا

سايتى حووڕییه‌تیش بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، بن عه‌لی یه‌ڵدریم، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا، له‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی، به‌رگری له‌ هه‌ڵدانی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌، هه‌رێمی كوردستان به‌ فه‌رمی له‌ ده‌ستووری عێراق دانی پێدانراوه‌ و ئاڵای خۆی هه‌یه‌.

له‌ كاتی قسه‌كردنیشیدا له‌ په‌رله‌مان، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێت باكوور عێراق، گوتی: "باكووری كوردستان".

سه‌رۆك بارزانی له‌ كاتی پێشوازیكردن له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌تاتورك - ئیستانبول
سه‌رۆك بارزانی له‌ كاتی پێشوازیكردن له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌تاتورك - ئیستانبول

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دوای به‌شداریكردنی له‌ كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له‌ فرانسوا هۆلاند، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كرد و دواتریش به‌ سه‌ردانێكی دوو رۆژه‌ گه‌یشته‌ توركیا و له‌ رێوڕه‌سمی پێشوازیكردنه‌كه‌شیدا، ئاڵای كوردستان له‌ ته‌ك ئاڵای هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی توركیا و عێراق، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌تاتوركی ئیستانبول هه‌ڵدرابوو.

پێشوازیكردن له‌ سه‌رۆك بارزانی به‌م شێوه‌یه‌، ناڕه‌زایی توركه‌ توندڕه‌ و شۆڤێنیسته‌كانی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌.