لە دوو مانگدا زیاتر لە 50 ھەزار گەشتیاری ئێرانی گەیشتوونەتە وان
رۆژانە زیاتر لە سێ ھەزار گەشتیاری ئێرانی دێنە وان
K24 - ھەولێر
لە ماوەی دوو مانگدا زیاتر لە 50 ھەزار گەشتیاری ئێرانی سەردانی شاری وان لە باكووری كوردستانیان كردووە.
جیگری وەزیری گومرك و بازرگانی توركیا فاتح چیفتچی بە ئاژانسی ئانادۆلو رایگەیاند لە مانگی كانوونی دووەمی رابردوو 17 ھەزار گەشتیار لە ئێران لە خاڵی سنووری كاپی كۆی ھاتوونەتە پارێزگای وان و لە مانگی شوبات ئەم ژمارەیە بۆ 33 ھەزار و 50 كەس بەرز بووەوە. گوتیشی پێشبینی دەكەین لە پشووەكانی نەورۆز ژمارەیەكی زیاتر گەشتیاری ئێرانی بێنە توركیا.
بەڕێوەبەری كلتور و گەشتیاری وان موزەفەر ئاكتوغ رایگەیاند لە ھۆتێلەكان جێگە نەماوە و 90% ئەوانەی لە ھۆتێلەكانی وان دەمێنن ئێرانین.

ھەروەھا داوا لە بازرگانان و خاوەن تەكسییەكان كرد كەلوپەل و كرێ لەسەر گەشتیارانی ئێرانی زیاد نەكەن، چۆنكە ئەوكات بەرەو شوێنەكانی دیكە وەك قرەدەنیز و ئاكدەنیز دەچن و گەشتیاری بۆ خۆی بازاركردنێكە، ھەربویە پێویستە دوكانداران لە ئەركی خۆی زیاتر كار بۆ خۆشحاڵكردنی گەشتیاران بكەن.
بەڕێوەبەرایەتی گومرك و بازرگانی وان گوتی لە سەرەتای مانگی ئادار رۆژانە 3 ھەزار و 174 گەشتیاری ئێران لە خاڵی سنووری كاپی كۆی ھاتوونەتە سنووری پارێزگای وان.
JS
