ھەڵەبجە بە تەواوەتی لە سلێمانی جیادەكرێتەوە
ئەنجومەنی وەزیران لە دوایین كۆبوونەوەی خۆی چەند بڕیاری گرنگ لەبارەی ھەڵەبجەی دەركرد
K24 - ھەولێر
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لە دوایین كۆبوونەوەی خۆی لە رۆژی پێنجشەممە 16 ئاداری 2017 كۆمەڵە بڕیارێك لە بارەی كاروبارە كارگێڕییەكانی پارێزگای ھەڵەبجەی دەركرد و بە ھۆیەوە دەبێتە خاوەن بودجە و سەربەخۆیی دارایی خۆی هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان.
ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەمبارەوە رایگەیاند بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا دارایی پارێزگای هەڵەبجە لە دارایی پارێزگای سلێمانی جیا بكرێتەوە و ئەنجومەنی وەزیران راسپێردراوە بۆ جێبەجێكردنی.
گوتیشی وەزارەتی ناوخۆ راسپێردراوە بۆ ناردنی ناوی پاڵێواراوان بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، كە لایەنە سیاسییەكان لەسەری رێككەوتوون.
لە كۆتاییدا باس لەوە دەكات ھەرچەندە ناوی هەڵەبجە لە یاسای بودجەی فیدراڵی ھاتووە، بەڵام حكومەتی فیدراڵ لە بوارەكانی ناسنامەی باری شارستانی، رەگەزنامە، كارتی نیشتمانی، فۆرمی خۆراك و تابلۆی ژمارەی ئۆتۆمبێل ھەنگاوی پێویست نەگرتووەتەبەر.
دەقی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پارێزگای ھەڵەبجە
- راسپاردنی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ناردنی ناوی پاڵێواراوان بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەنجومەنی وەزیران کە بەپێی ماددەی (2) لە یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ئەندامەکانی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەستنیشان دەكرێن، لایەنە سیاسییەكان ڕێككەوتوون لەسەر دابەشكردنی ئەندامانی ئەنجومەنەكە لە رۆژی 12/3/2017، بڕیاردرا لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەن پەسەند بکرێت.
- جیاكردنەوەی دارایی پارێزگای هەڵەبجە لە دارایی پارێزگای سلێمانی، بەپێی ماددەی (8) لە یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە. پارێزگاكە خاوەن بودجە و سەربەخۆیی دارایی خۆی دەبێت هاوشێوەی پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان، یاساكەش ئەنجومەنی وەزیرانی راسپاردووە بۆ جێبەجێكردنی ئەم خاڵە.
- ڕاسپاردنی وەزیرە بەڕێزەکان بۆ دیراسەکردنی کردنەوەی بەڕێوەبەرایتییە گشتییەکان کە تا ئێستا دەستبەکارنەبوون. بەپێی ماددەی (9) لە یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، پارێزگاكە هاوشێوەی پارێزگاكانی تر مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و سەرجەم بڕگەكانی یاسای پارێزگاكانی بەسەردا جێبەجێ دەكرێن، تا ئێستا بەڕێوەبەری گشتی بەوەكالەت بۆ (پەروەردە، كشتوكاڵ، كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، شارەوانییەكان، كاروباری كۆمەڵایەتی، ڕێگاوبان) و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە دەستبەکاربوون.
- سەرەڕای پەسەندكردنی پارێزگابوونی هەڵەبجە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی ژمارە (568) لە 31/12/2013، و بڕیاری تەشریعیی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (11)ی ساڵی 1999 تایبەت بە (إستحداث)كردنی پارێزگای هەڵەبجە ، و بەپێی ماددەی (141) لە دەستووری عێـراق گشت ئەو یاسایانەی لە هەرێمی كوردستان كاریان پێكراوە لە پێش ساڵی 2005 بەردەوام دەبن لەسەر كارپێكردنیان، و سەرەرای هاتنی ناوی هەڵەبجە لە یاسای بودجەی فیدراڵی، بەڵام لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵ هەنگاوی پێویست نەنراوە، بە تایبەتی بابەتەكانی پەیوەندیدار بە (ناسنامەی باری شارستانی، رەگەزنامە، كارتی نیشتمانی، فۆرمی خۆراك، تابلۆی ژمارەی ئۆتۆمبێل) بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابنرێت و جیابكرێتەوە لە پارێزگای سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێز وەزیری ناوخۆ راسپێردرا بۆ سەردان و پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆی فیدڕاڵی.