هۆڵه‌ندا.. مۆنۆمێنتێكی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كرایه‌وه‌

هه‌وڵده‌درێت هاوكاری زیاتر بۆ به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیایی دابینبكرێت

K24 - هه‌ولێر:

سەیوان بارزانی باڵیۆزی عێراق لە ھۆڵەندا رایگەیاند رێکخراوی نێودەوڵەتی نەھێشتنی چەکی کیمیایی بە نوێنەرایەتی 192 وڵات لەناو باڵیۆزخانەی عێراق مۆنۆمێنتێکی تایبەت بە بیرەوەری قوربانیانی ھەڵەبجەی دروستکرد. باڵیۆزی عێراق لە ھۆڵەندا ئاشکرای کرد لەسەر داوای ئەوان ھەر جارێک داعش چەکی کیمیایی لە دژی پێشمەرگە بەکارھێنابێت شاندی رێکخراوەکە چوونەتە کوردستان و لێکۆڵینەوەیان کردووە.

ئەحمەد ئۆزموجو, بەرێوەبەری گشتی رێكخراوی قەدەخەكردنی چەكی كیمیاوی لە جیھان, لە ھۆڵەندا و لە میانەی كردنەوەی مۆنيۆمێنتێكی تری كۆمەڵكوژی ھەڵەبجە وتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا سه‌ركۆنه‌ی ئەو رووداوە قێزەونەی كرد كە 29 ساڵ لەمەوبەر روویدا.

ئۆزموجو, داواكاریی رێكخراوەكەشی دووپاتكردەوە، كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ بكات لە قەدەخەكردنی چەكە كۆمەڵكوژەكان و پاراستنی ھاووڵاتيیان.

هه‌روه‌ها دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا رایگەیاند رێکخراوی نێودەوڵەتی نەھێشتنی چەکی کیمیایی دوو پرۆژەی ئامادە کردووە بۆ ھاوکاریکردنی خەڵک و قوربانیانی ھەڵەبجە.

گوتیشی: "ھاوکارییەکانی ئێستا زیاتر لە رووی تەندروستیيەوە دەبێت و راھێنان بە پزیشکەکان دەكەن لە ھەرێمی کوردستان و جیا لەوەش بەرنامەی ئەوەش ھەیە کە چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بکرێت".