یاریزانێکی بارسێلۆنا لە یانەکەی دڵخۆش نییە

یانەکەشی لێی رازی نییە

K24- هەولێر

رۆژنامەیەکی ئیسپانی نهێنییەکی ژووری جلگۆڕینی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت یاریزانێکی بارسا لە یانەکە دڵخۆش نییە.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆ شەممەیدا رایگەیاندووە، خۆردی ئالبا لە بارسا هەست بە ئاسوودەیی ناکات، ئەمەش بەهۆی ئەم چەند یارییەی دواییەوەیە و هەست دەکات تەکتیکی نوێی بلاوگرانا لەگەڵ ئەو ناگونجێت.

رۆژنامە کەتەلۆنییەکە نووسیویەتی، جگە لە ئالبا، لویز ئێنریکی راهێنەری بارسێلۆناش لە ئالبا دڵنیا نییە و هەست دەکات بەمدواییانە ئاستی روو لە داکشان کردووە و پێیوایە ناتوانێت لە تەکتیکی نوێی تیپەکەی پشت بە بەرگریکارە ئیسپانییەکە ببەستێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی سپۆرت، لەوانەیە لە چەند یاریی داهاتوو ئەگەر ئالبا پارێزگاریی لە ئاستی خۆی نەکات، پێگەی سەرەکی خۆی لە تیپەکەی ئێنریکی لەدەست بدات، بەتایبەتی دوای یارییەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان ئێنریکی زیاتر هەستی بە دابەزینی ئاستی ئالبا کردووە.