سبەی کلاسیکۆی تێنس لە نێوان فێدرێر و نادال بەڕێوە دەچێت
یاریی بۆ ناسناوی ماستەرزی میامی دەکەن
K24- هەولێر
لەم وەرزە بۆ سێیەمجار کلاسیکۆی تێنس بەڕێوە دەچێت و لە فایناڵی ماستەرزی میامی رافایل نادال و رۆجێر فێدرێر سسبەی یەکشەممە کاتژمێر 20:00 بەکاتی هەولێر رووبەڕوو دەبنەوە.
فێدرێر 10 وەرزە وەکو ئەم وەرزە دەستپێکێکی باش و بەهێزی نەبووە و بەرامبەر کیریۆس دەیەمین سەرکەوتنی لەسەر یەکی لەم وەرزە بەدەستهێنا، لەم وەرزە لە 19 یاریی تەنیا یەکجار تووشی شکست بووە، رافایل نادالیش بە خەیاڵی 13 ساڵ لەمەوبەر ئەم یارییە ئەنجام دەدات، کاتێک 2004 بۆیەکەمجار رافا و رۆجێر رووبەڕووبوونەوە و ماتادۆرەکە بە دوو سێتی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە قۆناخی 16.
لەم وەرزە فێدرێر لە فایناڵی ئوستڕاڵیای کراوە و قۆناخی 16ی ماستەرزی ئیندیانا وێلز لە نادالی بردەوە، بۆیە رافا دەیەوێت بە بەردێک دوو چۆڵەکە بپێکێت، تیماری دوو شکستەکەی ئەم وەرزەی بکاتەوە، بۆیەکەمجاریش ببێتە پاڵەوانی ماستەرزی میامی، گەرچی پێشتر چوار جار گەیشتووەتە فایناڵ، بەڵام هەموو جارێک پلەی دووەم بووەتە بەشی.
فێدرێری 35 ساڵان دوایین سێ کلاسیکۆی لە نادال بردووەتەوە، بەڵام ماتادۆرەکە لە مێژووی کلاسیکۆ باڵادەستە و لە کۆی 36 یاری 23 بردنەوەی بەدەستهێناوە و تەنیا 13 جار بە مایسترۆ سویسڕییەکە دۆڕاوە، 22 جاریش لە یاریی کۆتایی پاڵەوانیەتییەکان رووبەڕووبوونەتەوە، نادال 14 جار لەسەر ئەستۆی فێدرێر بووەتە پاڵەوان و رۆجێریش 7 جار لەسەر ئەستۆی نادال جامی یەکەمی بەرزکردووەتەوە.
فێدرێر بۆ بەدەستهێنانی سێیەمین ناسناوی ماستەرزی میامی دەجەنگێت، نادالیش دەیەوێت لە فلۆریدا بۆیەکەمجار وەکو پاڵەوان بچێتە سەر سەکۆی ناسناوەکان، بەڵام بێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی یارییەکە رۆژی دووشەممە هەردوو تێنسزانەکە لە ریزبەندی باشترین تێنسزانانی جیهان دەگەڕێنەوە ریزی تۆپ فایڤی ریزبەندییەکە.