بارزانی: رێگە نادرێت هیچ لایەنێك خۆی بەسەر ئێزدییەكان بسەپێنێت

"کوردانی ئێزدی بەشێكی ئازیز و دانەبڕاوی گەلی كوردستانن خۆشی و نەهامەتییەكانی ئەوان خۆشی و نەهامەتیی گەلی كوردستانە"

K24 - ھەولێر

مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی ئێزدی، جه‌ژنی چارشه‌مبا سۆر، پەیامێك ئاراستەی ئێزدییەكان دەكات و رایدەگەیەنێت: " کوردانی ئێزدی بەشێكی ئازیز و دانەبڕاوی گەلی كوردستانن، رێگە نادرێت هیچ لایەنێك خۆی بەسەر ئێزدییەكان بسەپێنێت".

لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی ھاتووە: "به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی ئێزدی، جه‌ژنی چارشه‌مبا سۆر، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ سه‌رجه‌م خوشك و برایانی كوردی ئێزدی له‌ كوردستان و جیهان ده‌كه‌م. کوردانی ئێزدی بەشێكی ئازیز و دانەبڕاوی گەلی كوردستانن. خۆشی و نەهامەتییەكانی ئەوان خۆشی و نەهامەتیی گەلی كوردستانە. بە درێژایی مێژوو خوشك و برا ئێزدییەكانمان بەهۆی ناسنامەی ئایینی و نەتەوەییان تووشی كارەسات هاتوونە، بەڵام پابەندبوونیان بە ناسنامەی کوردایەتی و ئاینییان هەموو پیلان و ستەمێكی لەدژی ئەوان پووچەڵ كردووەتەوە".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەڵێت: "سوپاس بۆ خودا بە گیانفیدایی پێشمەرگە تیرۆریستانی داعش تێكشكێندران و داعش باجی تاوانەكانیدا و سەری كەوتە ژێر پێی ئێزدییەكان و چیتر نابێ رێگە بدرێت هیچ كارەسات و نەهامەتییەكی تر دەرهەق خوشك و برا ئێزدییەكانمان دووبارە ببێتەوە".

لە كۆتایی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی ھاتووە: "لە جەژنی سەری ساڵی ئێزدیدا  ئەوە دووپات دەكەینەوە كە گەلی كوردستان پاڵپشتی ئێزدییەكانە و رێگەش نادرێت هیچ لایەنێك خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت و بڕیاردان لە چارەنووس و داهاتوویان تەنیا لە دەستی خودی ئێزدییەكاندا دەبێت".

Fly Erbil Advertisment