یەكێتی و گۆڕان پرسی ریفراندۆم تاوتوێ دەكەن
"گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی ئاسایكردنەوەی باردۆخی هەرێمی كوردستان دەكرێت"
K24 - ھەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ سەركردایەتی ھاوبەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ تاوتوێكردنی پرسی ریفراندۆم و چەند پرسێكی دیكە كۆببنەوە.
شۆڕش حاجی گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆران بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە: "كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی هەلومەرجی سیاسی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستانو عێراق و ناوچەكە و پرسی ریفراندۆم و دیدو بۆچونی هێز و لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەم پرسە و چۆنیەتی ئاسایكردنەوەی باردۆخی هەرێمی كوردستان و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و پەیوەندی نێوان هێزولایەنە سیاسیەكان".
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامادەیی خۆیان بۆ دروستكردنی كۆمیتەیەكی ھابەشی لایەنەكان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا دەربڕیووە.
نزیكەی ساڵێك دەبێت یەكێتی و گۆڕان رێككەوتنێكی سیاسیان واژوو كردووە، لەنێوەرۆكی رێككەوتنەكەدا باس لە دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین كراوە، بەڵام چەندین جار ھەڵسوڕاوانی گۆڕان گلەیی ئەوەیان لە یەكێتی كردووە كە تا ئێستا زۆر لەو پۆستانەیان پێنەدراوە كە لە رێككەوتنەكە بەریان كەوتوون.