سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای ڕەوتی سەدر دەكات

شاندی باڵای سه‌در بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هاتووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای ره‌وتی سه‌در كۆبووه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، باس له‌ به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش كرا.

لە دیدارەكەدا ڕەوشی سیاسیی عێراق و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان لە موسڵ خرایە بەر باس. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراق كە سەركەوتنی گەورەی لەبەرانبەر تیرۆریستاندا لێكەوتووەتەوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە شاندی میوان دید و بۆچوونی ڕەوتی سەدریان لەمەڕ پڕۆسەی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای داعش و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق خستەڕوو.

هەر لەو كۆبوونەوەیە وێڕای ئاماژەدان بە بوونی پڕەنسیبی متمانە و پایەندبوون بە پەیمانەكان لەنێوانیان جەخت لە پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لە قۆناغی داهاتوودا كرایەوە.