بارزانی: مەزهەری خالقی جێگەی شانازیی هەموو لایەكمانە
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هونەرمەندی گەورەی كورد مەزهەر خاڵقی دەكات
K24 - ھەولێر
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هونەرمەندی گەورە و ناوداری كورد مەزهەر خالقی كرد و رایگەیاند، مەزهەری خالقی جێگەی شانازیی هەموو لایەكمانە.
بە گوێرەی ماڵپەری سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئەحواڵپرسینی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مەزهەر خالقی كرد بەهۆی ئەو رۆڵەی لە ژیانی فەرهەنگی و كولتووریی گەلی كوردستان گێڕاویەتی و هەروەها هەڵوێستە نیشتیمانپەروەرەكانی بەرز نرخاند و هیوای تەندروستی بۆ خواست و رایگەیاند كە مەزهەری خالقی جێگەی شانازیی هەموو لایەكمانە.
هەر لەم دیدارەدا مەزهەر خالقی سوپاسی ئەرك و ماندووبوون و خەباتی سەرۆك بارزانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە سیاسەت و ستراتیژی سەرۆك بارزانی لەبارەی سەربەخۆیی ئەوەی خستەڕوو كە هەموو توانا و بەرهەم و چالاكییەكانی دەخاتە خزمەت پڕۆسەی سەربەخۆیی كوردستان.
