چین له دژی "سه‌ددام" ده‌وه‌ستێته‌وه
نابێت ناو له منداڵه‌كانییان بنێن: سه‌ددام، ئیسلام، مه‌كه، قورئان.
K24 - هه‌ولێر:
حكوومه‌تی چین، بڕیاریداوه چه‌ند ناوێك قه‌ده‌غه بكات و چیدیكه رێگه به دایك و باوكه موسڵمانه‌كانی هه‌رێمی زیجیانگی ئه‌و وڵاته نه‌دات، ئه‌و ناوانه له منداڵه‌كانییان بنێن، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و منداڵانه بێبه‌ش ده‌بن له مافی خوێندن و هاوكارییه حكوومییه‌كانی چین.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی گاردیه‌نی به‌ریتانی، حكوومه‌تی چین لیستی ناوه قهدهغكراوهكانی بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئه‌و ناوانه‌ی قه‌ده‌غه‌ش كراون، بریتین له: "ئیسلام، قورئان، سه‌ددام، مه‌كه" و هیچ دایك و باوكێك بۆی نییه ئه‌و ناوانه له منداڵه‌كانییان بنێن، له‌كاتیكدا ژماره‌ی موسڵمانان له‌و وڵاته، نزیكه‌ی 10 ملیۆن كه‌س ده‌بێت.
جیا له‌و ناوانه‌ش، هه‌ر ئاماژه‌یه‌ك بۆ مانگ و ئه‌ستێره، قه‌ده‌غه‌یه، له ئه‌گه‌ری جێبه‌جێ نه‌كردنی ئه‌و بڕیاره‌ش، منداڵه‌كه بێبه‌ش ده‌بێت له تۆماركردنی له لیستی "تۆماری مه‌ده‌نی" كه گرنگترین به‌ڵگه‌نامه‌ی هاووڵاتییانه‌ی چینه.
رۆژنامه به‌ریتانییه‌كه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، تا ئێستا ته‌واوی ئه‌و لیسته بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه و پێده‌چێت ناوه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی زۆر له‌وه زیاتربن كه بڵاوكراونه‌ته‌وه.
بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌تی چین رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی چالاكوانانی مافه‌كانی مرۆڤ بووه‌ته‌وه و سۆفی ریچاردسن، به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ له چین ده‌ڵێت: "ئه‌و بڕیارانه زنجیره‌یه‌ك كۆتوبه‌ندی نوێن له دژی ئازادی ئایین و به‌ناوی نه‌هێشتنی توندوتیژی ئایینی ده‌كرێن".
مانگی رابردووش حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته، نیقابی ژنان و درێژكردن و هێشتنه‌وه‌ی ریشی قه‌ده‌غه‌كردووه.
ئۆیگوره موسڵمانه‌كانی چینیش، تانه‌یان له‌و بڕیاره داوه و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌و رووداوانه‌ی ته‌قه‌كردن كه حكوومه‌تی چین له‌سه‌ر ئه‌وانی هه‌ژمار ده‌كات، هیچ په‌یوه‌ندییان به توندوتیژی ئایینییه‌وه نییه و رووداوی جیان و په‌یوه‌ندییان به كێشه‌ی دیكه‌ی لاوه‌كییه‌وه نه‌ك، نه‌ك توندوتیژی ئایینی.