هەسەدە 18 ناوچەی دیكەی لە رۆژئاوای رەققە کۆنتڕۆڵکرد
پێنج چەكداری داعش بە دیل گیران
K24 - ھەولێر
هێزەکانی سووریای دیموکرات "ھەسەدە"، 18 ناوچەی دیكەیان لە سنووری پارێزگای رەققە کۆنتڕۆڵکرد.
قۆناخی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فوڕات بەردەوامە و لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، هەسەدە بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، 18 ناوچەیان لە رۆژئاوای رەققە کۆنتڕۆڵکرد.
هەسەدە بڵاویکردووەتەوە، لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا، پێنج چەکداری داعشیان بە دیل گرتووە و هەروەها فڕۆکەیەکی بێ فڕۆكەوانی داعشیان خستووەتە خوارەوە.
ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" بۆ كۆنترۆڵكردنی رەققە رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستیپێكرد و ھێزەكانی سوریای دیموكراتیك لە سێ قوناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە، ناوچەیەكی زۆریان لە دەوروبەری رەققەیان كۆنترۆڵكرد و بۆ یەكەمجاریش چوونەتە ناو سنووری پارێزگای دێرەزۆر.
ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی تەبقە لە رۆژئاوای شاری تەبقە لە رۆژی 21 ئاداری رابردوو دەستیپێكرد و رۆژی 11 ئایاری 2017 تەبقە لەلایەن ھێزەكانی سووریای دیموكراتیك كۆنترۆڵكرایەوە، تەبقە 55كم لە رەققە دوورە و فەرماندەكانی ھەسەدە رزگاركردنی تەبقە لە دەستی داعش بە ھەنگاوێكی گرنگ دەزانن بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە.