ده‌ست له گوگڵ هه‌ڵگره‌و پاره وه‌رگره
مایكرۆسۆفت به به‌خشینی پاداشت بازاڕی گه‌ڕان له "بینگ" ده‌بوژێنێته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
كۆمپانیای مایكرۆسۆفت، به‌م دواییانه پرۆگرامێكی پاداشتكردنی راگه‌یاندووه‌و له‌و رێگه‌یه‌وه هه‌وڵ ده‌دات به‌كارهێنه‌ران رابكێشێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست له یه‌كه‌مین ماكینه‌ی گه‌ڕانی ئه‌لیكترۆنی جیهان "گوگڵ" هه‌ڵگرن و لێگه‌ڕی "بینگ" كۆمپانیاكه به‌كاربهێنن".
پرۆگرامه نوێیه‌كه چه‌ند ئاستێكی پاداشتكردنی دیاریكردووه، به گوێره‌ی رێژه‌ی گه‌ڕان له ماكینه‌ی گه‌ڕانی "بینگ"، یان كڕینی هه‌ر به‌رهه‌مێك له بازاڕگه‌ی ئه‌لیكترۆنی مایكرۆسۆفت خاڵ بۆ به‌كارهێنه‌ر ئه‌ژمار ده‌كرێت.
ئاستی یه‌كه‌می پرۆگرامه‌كه، ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر به‌كارهێنه‌ر رۆژانه 10 جار له "بینگ" بگه‌ڕێت، ژماره‌یه‌ك خاڵی پێ ده‌درێت، ئه‌گه‌ر ژماره‌ی گه‌ڕانه‌كانی گه‌یانده 50 ئه‌وكاته ده‌چێته ئاستی دووه‌م و خاڵه‌كانی زیاد ده‌بن.
ئێستا پرۆگرامه‌كه به شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی بۆ به‌كارهێنه‌رانی له بریتانیا به‌رده‌سته و بڕیاره پرۆگرامێكی هاوشێوه بۆ فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و كه‌نداش له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك یان چه‌ند مانگێكی دیكه بخرێته به‌رده‌ست به‌كارهێنه‌رانی.
مایكرۆسۆفت له مانگی ئابی ساڵی رابردووه‌وه ئه‌و پرۆگرامه‌ی خستووه‌ته به‌رده‌ست به‌كارهێنه‌رانی له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.
جێگای ئاماژه‌یه تا ئێستا گه‌ڕانی ئه‌لیكترۆنی گوگڵ پشكی شێری له بازاڕی له ئاستی جیهاندا بۆ خۆی بردووه‌و رێژه‌كه‌ی ده‌گاته 86%، له كاتێكدا "بینگ" له پله‌ی دووه‌مدایه و جیاوازییه‌كه‌شیان زۆره و ته‌نها 10% ی به‌كارهێنه‌ران په‌نای بۆ ده‌به‌ن.