دۆنارۆما خیانەت لە میلان دەکات و روودەکاتە ریال مەدرید
گرێبەسەتەکەی نوێ ناکاتەوە
K24- هەولێر
جیانلویجی دۆنارۆما خۆشی دەستکراوەیی کارگێڕانی یانەکەیانی لە هاندەرانی ئەیسی میلان تێکدا و رەتیکردەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەیسی میلان نوێبکاتەوە.
مارکۆ فاسۆنی، بەڕێوەبەری گشتی میلان لە پرێس کۆنفرانسێکیدا رایگەیاند مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری کارەکانی گۆڵپارێزی یانەکەیان لە کۆبوونەوەیەکی شەش خولەکی پێی راگەیاندوون دۆنارۆما نایەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ رۆسۆنێری نوێبکاتەوە.
رەتکردنەوەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەکاتێکدایە، میلان ئۆفەرێکی بە مووچەی ساڵانەی پێنج ملیۆن یۆرۆی پێشکەشی دۆنارۆما کردبوو، بەڵام وادیارە دۆنارۆمای 18 ساڵان نایەوێت لە سان سیرۆ بەردەوام بێت و وەرزی داهاتوو دوایین وەرزی دەبێت پارێزگاری لە گۆڵی میلان بکات.
نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی بووە هۆی ناڕەزایی هاندەرانی میلان، تەنانەت هاندەرانی رۆسۆنێری داوا لە بەرپرسانی یانەکەیان دەکەن وەرزی داهاتوو یاریی بە دۆنارۆما نەکەن و بینێرنەوە تیپی دووەمی یانەکە، بۆ ئەوەی وانەی وەفا لە جینارۆ گاتوزوی راهێنەری تیپی دووەمی یانەکەوە فێربن.
میدیاکانی ئیتاڵیا لە مانشێتی رۆژی هەینیاندا باسی بڕیارەکەی دۆنارۆمایان کردووە، کۆرێری دیلۆ سپۆرت بڕیارەکەی بە خیانەت وەسفکردووە و لە پاڵ وێنەیەکی جیانلویجی نووسیویەتی خیانەتێکی گەورە، رۆژنامەی تۆتۆ سپۆرتیش ناوی یانەکانی یۆڤێنتۆس، ئینتەر ، پاریس سانجێرمان و ریال مەدریدی نووسیوە و پرسیاری کردووە کێ پارەی زیاتر بە دۆنارۆما دەدات؟


رۆژنامەکانی مەدرید پێشوازییان لە بڕیارەکەی دۆنارۆما کردووە و مارکا نووسیوتەی دۆنارۆما تەنیا هەنگاوێک دوورە، ئاسیش نووسیویەتی دۆنارۆما لە ریال مەدرید نزیک دەبێتەوە.
ئەگەر ئەم هاوینە دۆنارۆما لە میلان بمێنێتەوە، ئەوا پێویستە هاوینی داهاتوو میلان بێبەرامبەر گڵۆپی سەوز بۆ گۆڵپارێزەکەی هەڵبکات.

