داعش هێرشی کردە سەر تاوەرەکانی کارەبای هێڵی حەدیسە - بێجی
بەهۆی هێرشێکی داعشەوە بۆ سەر تاوەرەکانی کارەبا، هێڵی حەدیسە - بێجی پچڕا
ئێوارەی هەینی، سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا لە رێگای نێوان حەدیسە و بێجی. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، هێرشەکە بووەتە هۆی تەقاندنەوەی تاوەرێکی گواستنەوەی وزەی کارەبا لەو ناوچەیە.
سەعد غازی محەممەد، سەرۆکی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیولوولی 2026، رایگەیاند؛ هێڵە سەرەکییەکەی کارەبا کە هەردوو شارەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە پچڕاوە. غازی محەممەد روونیکردەوە، زانیارییە سەرەتاییەکان تەقاندنەوەی تاوەرێکی گواستنەوەی وزە پشتڕاست دەکەنەوە.
هاوکات و هەر هەمان شەو، سەرچاوەیەکی ئەمنیی دیکە ئاشکرایکرد، هێزە ئەمنییەکان هەوڵێکی چەکدارانی داعشیان بۆ بەئامانجگرتنی تاوەرێکی دیکەی گواستنەوەی کارەبا لە ناوچەی نێوان بێجی لە پارێزگای سەڵاحەددین و حەدیسە لە پارێزگای ئەنبار پووچەڵ کردووەتەوە.
سەرچاوەکە خستیەڕوو، هێزە ئەمنییەکان بە خێرایی دەستوەردانیان کردووە و پێش ئەوەی هێرشبەرەکان بگەنە ئامانجەکەیان، هێرشەکەیان تێکشکاندووە. لە ئەنجامی ئەمەشدا، پێکدادانی چەکداری لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی داعش روویداوە.