یەكێتی جێگرەوەی ئاڵا تاڵەبانی دیاردەكات
مەكتەبی سیاسی یەكێتی تاوتوێی دەست نیشانكردنی ئەندامێك بۆ كۆمیتەی ریفراندۆم دەكات
K24 - سلێمانی
بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سەرۆكی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی عێراق دیار بكات، بە گوێرەی زانیارییەكانیش ئارێز عەبدوڵڵا بۆ ئەو پۆستە دەست نیشانكراوە و دەبێتە جێگرەوەی ئاڵا تاڵەبانی.
پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "کاتژمێر 5 ئێوارە ی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی كۆدەبێتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر دەستنیشانکردنی ئارێز عەبدوڵڵایە وەک سەرۆکی نوێی فراکسیۆنی سەوز، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەدرێت".
بە گوێرەی زانیاری پەیامنێرمان ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا: "مەكتەبی یەكێتی تاوتوێی ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان یەکێتی وگۆڕان و پرسی دەستنیشانکردنی ئەندامێكیان بۆ کۆمیتەی ریفراندۆم دەكەن".
رۆژی 12 حوزەیرانی2017، بە بڕیاری كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئاڵا تاڵەبانی لە سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە.