بارزانی: گەلی كوردستان لەڕێگەی گفتوگۆ و بە ئامرازی ئاشتیانە بەرەو سەربەخۆیی و مسۆگەركردنی مافەكانی دەڕوات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق جه‌نگی داعش و پرسی هاوكارییه‌كانی هۆڵه‌ندا له‌ جه‌نگه‌كه‌دا تاوتوێ ده‌كه‌ن.

K24 هه‌ولێر:

مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند" گەلی كوردستان لەڕێگەی حیوار و بە ئامرازی ئاشتیانە بەرەو سەربەخۆیی و مسۆگەركردنی مافەكانی دەڕوات و ئەوەیش لەپێناو ڕێگەگرتن لە شەڕ و گرفتی تازەیە".

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژی یەكشەممە 2/7/2017 له‌ میانی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ "جان واڵتمانز" باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و شاندێكی یاوەری ئه‌و قسانه‌ی كردووه‌و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی هۆڵەندا لە شەڕی تیرۆر و یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە راگه‌یاندووه‌و ئاماژەیشی بەوەداوه‌ كە قۆناغی دوای داعش زۆر هەستیارەو ئەگەر ئەو هۆكارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش وەك خۆیان بمێننەوە كێشە و گرفتی زۆر قووڵ دێنە ئاراوه‌".

له‌و دیداره‌دا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی هۆڵەندا تاوتوێ كرا و جەخت لەسەر دۆستایەتی و فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا كراوه‌ته‌وه‌.

باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بە ئەولەویەتەكانی وڵاتەكەی لە عێراق و ئاستی بەشداریی هۆڵەندا لە هاوپەیمانێتی شەڕی دژی داعش و مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئەوەی خستووه‌ته‌ ڕوو كە بۆ هۆڵەندا عێراقی دوای داعش جێگەی بایەخێكی زۆرە و بە نیگەرانییەوە لە بارودۆخی ناوچە ئازادكراوەكان و گوزەرانی خەڵك دەڕوانێت.

هەر لەو دیدارەدا بە تێروتەسەلی باس لە ئاییندەی عێراق كرا و سەرۆك بارزانی ئەو هۆكارانەی شیكردەوە كە هانی گەلی كوردستانی داوە بەرەو ڕیفراندۆم و هەنگاو بنێت و جەختی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان لەڕێگەی حیوار و بە ئامرازی ئاشتیانە بەرەو سەربەخۆیی و مسۆگەركردنی مافەكانی دەڕوات و ئەوەیش لەپێناو ڕێگەگرتن لە شەڕ و گرفتی تازەیە.

Fly Erbil Advertisment