ھێزەكانی سووریای دیموكرات چوونە نێو رەققەی كۆن
شەڕڤانانی ھەسەدە بەرەو ناوەندی رەققە لە پێشڕەویدان
K24 - ھەولێر
لە راگەیەنراوێكی ھێزەكانی ھاوپەیماناندا ئاشكرای كرد، دوای بۆردوومانكردنی ھێڵەكانی پێشەوەی چەكدارانی داعش لە رەققەی كۆن، ھێزەكانی سووریای دیموكرات توانییان بچنەنێو ئەو ناوچانەوە.
لە راگەیەنراوەكەدا ھاتووە: "لەكۆی 2 ھەزار و 500 مەتر لە دیواری مێژوویی شارەكە، تەنیا 25 مەتر بۆردوومانكراوە، تاكو ھێزەكانی سووریای دیموكرات بتوانن لێیەوە ھێرشبكەنە سەر بارەگاكانی داعش".
رۆژی 2 ئەم مانگە، دوای پەڕینەوە لە رووباری فورات، ھێزەكانی سووریای دیموكرات لەبەرەی باشوورەوە چوونە نێو رەققەوە.
رۆژی 6 حوزەیرانی2017 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوەندی رەققە دەستیپێكرد، ھێزەكانی سووریای دیموكرات تا ئێستا 5 گەڕەكی شارەكەیان كۆنترۆڵكردووەتەوە و لە ھەرسێ قۆڵی باكوور و رۆژھەڵات و رۆژئاوا، لە پێشڕەویدان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی رەققە.
ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ناوچەكانی سنووری رەققە رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستیپێكرد و ھێزەكانی سوریای دیموكرات لە سێ قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە، ناوچەیەكی زۆریان لە دەوروبەری رەققەیان كۆنترۆڵكرد و بۆ یەكەمجاریش چوونەتە ناو سنووری پارێزگای دێرەزۆر. دواتر لە 21 ئاداری 2017 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی تەبقە لە رۆژئاوای شاری تەبقە دەستیپێكرد و رۆژی 11 ئایاری 2017 تەبقە لەلایەن ھێزەكانی سووریای دیموكراتیك كۆنترۆڵكرایەوە.